محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول، دوای بەشداریکردنی لە یاریی شەوی شەممەدا کە بە ئەنجامی 2-0 لە یانەی برایتۆنیان بردەوە لە خولی نایابی ئینگلیزی، خۆی لە دروستکردنی مشتومڕی زیاتر پاراست.
سەڵاح بۆ پێنجەمین یاریی لەسەریەک وەک یاریزانی سەرەکی بەشدار نەبوو، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاری پێشوو بەرامبەر ئینتەر میلان لە چامپیۆنزلیگ دەرکرابوو، وەک وەڵامێک بۆ لێدوانە توڕەبووەکانی دژی ئارنێ سلۆت، ڕاهێنەری تیپەکە، و ئیدارەی یانەکە.
بەڵام ئەستێرە میسرییەکە (تەمەن 33 ساڵ) گەڕایەوە نێو پێکهاتەی یانەکەی بەرامبەر برایتۆن، و لە دوای تێپەڕبوونی 25 خولەک بەشداری کرد لە شوێنی هاوڕێی تیمی، جۆ گۆمێز، کە تووشی پێکان بوو.
سەڵاح گۆڵی دووەمی دروستکرد، کە لەلایەن هێرشبەری فەرەنسی، هۆگۆ ئیکیتیکییەوە تۆمارکرا و ئەو یاریزانە فەرەنسییە لەو یارییەدا دوو گۆڵی تۆمار کرد.
دوای یارییەکە، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا سەڵاح دەردەکەوێت کاتێک لە پشتی ڤیرجیل ڤان دایک، کاپتنی تیپەکە، تێدەپەڕێت لە ناوچەی تایبەت بە میدیاکاران لە یاریگای ئانفێڵد.
کاتێک یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان پرسیاری لێکرد “مۆ، دەتەوێت دووبارە قسە بکەیت؟”، ئەستێرە میسرییەکە بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە “لە ماوەی هەفتەیەکدا دووجار قسە بکەم؟… نەخێر.”
هەروەها محەمەد سەڵاح لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی “ئێکس” (X) گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا وەڵامی سڵاو و هاوار و گۆرانیی هاندەرانی لیڤەرپوول دەداتەوە دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، کە ئەمە دوا یاریی دەبێت لەگەڵ تیپە ئینگلیزییەکە لەمساڵدا.
محەمەد سەڵاح خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بچێتە ڕیزی هەڵبژاردەی میسر، کە لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە مەغریب بەشداری دەکات، و لە 21ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ تا 18ی کانوونی دووەمی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
