گێڕانەوەی مەزڵۆم کۆبانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا وێنەیەکی نوێ و جیاواز لە ڕاستیەکان دەخوڵقێنێت؛ سووریایەک کە پاش کۆتایی شەڕی ناوخۆیی بەرەوڕووی مەترسی گەورەتری وەک گەڕانەوەی داعش، دابەزینی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا، دەستەوەستانی دەوڵەتی نوێی دیمەشق و ڕکابەریی ئەکتەرانی ناوچەیی بۆتەوە.
مەزلووم کۆبانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، لە گفتوگۆ لەگەڵ کانتا ئەحمەد، پزشک و توێژەری باڵای ئەنجومەنی ژنانی سەربەخۆ و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەمریکا، باسی لە گرینگترین پرسەکانی سووریا و ئەو پارچەیەی کوردستانی سووریا کرد کە کوردان پێی دەڵێن رۆژئاوای کوردستان لەپاش کۆتایی شەڕی ناوخۆیی و ڕووخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد.
کەمپی هول: قەیرانی خامۆشی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا
کۆبانی دەڵێت: لەو کاتەوە سەرۆککۆمار ترەمپ یارمەتیگەلی (USAID)ی کەمکردۆتەوە، ئێمە هێزی مرۆیی و پاڵپشتییەکی زۆر کەمترمان بۆ ئیدارەی کەمپی هول هەیە، بۆیە ئێستا هەسەدە ناچارە لە بوودجەی خۆی بۆ ئاسایشی ئەو کەمپە تەرخان بکات و ئەوەش واتە تەرخاندانی سەرچاوەگەلێک بۆ ئەو کارە کە خۆمان بۆ بەرگری لە ناوچەکانمان پێویستمانە.
سووریا لە سەرەتای قۆناغێکی نوێدا
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند: ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانی زۆر گرینگ داین و سووریا هەنگاوی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە سیاسییانە لە ئاستی نێودەوڵەتی هیچ لە ڕاستییە دژوارەکانی مەیدان کەم ناکاتەوە.
ناوبراو لەبارەی هەڕەشەی داعش وتی: داعش هێشتا زیندوو و چالاکە و ئێمە بەر لە هاتنی هاوپەیمانی جیهانی لە دژی داعش ڕاوەستاین و ئەوڕۆکەش کە شانە نووستووەکانی داعش لە سەرهەڵدانەوەدان، ئێمە لە ڕەقە، دیرزور و ناوچەکانی تر هێزەکانمان قوربانی دەبن.
ڕاشیگەیاند: زیاتر لە 26 هەزار ناوەندی ڕاگرتن و سێ زیندانی گەورە کە سەرجەم نزیکەی 10 هەزار زیندانی داعشی لەخۆ گرتووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە و ئەمانە کەسانێکی زۆر مەترسیدران.
ئەمریکا پاڵپشتی کورد دەکا، بەڵام کەم
کۆبانی هاوکاریی نزیکی هێزەکانی لەگەڵ سوپای ئەمریکا نرخاند و جەختی کرد: سوپای ئەمریکا هەوڵ دەدا تەرکیزی لەسەر شەڕ لەگەڵ داعش بێت، بەڵام پێویستی بە پاڵپشتیی سیاسیی زیاترە، دیارە ترەمپ دەیەوێ سووریا بەهێزتر بکات، بۆ ئەو کارە دەبێ پاڵپشتی لە هەسەدە بکات و هەسەدەش دەبێ هاوکات بەشێک بێت لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش و بەشێک لە دەوڵەتی نوێی سووریا بێت.
ڕێککەوتنی 10ی ئادار؛ بواری ئاوێتەبوون لە پێکهاتەی دەوڵەتی نوێ
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە درێژەدا ڕوانییە بابەتی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئادار لە نێوان دەوڵەتی کاتی و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بۆ ئاوێتەبوونیان لە پێکهاتەگەلی سەربازی و مەدەنی و دەستەبەرکردنی ئاگربەست، و وتی: هەسەدە پێکهاتەیەکی گەورە و ئاڵۆزی هەیە، ئێمە نزیکەی 100 هەزار هێزمان هەیە کە 70 هەزاریان شەڕڤان و 30 هەزاریان هێزی ئاسایش و پۆلیسن و لە بەرەی پێشەوەی بەرگری لە ناوچەکانی خۆیانن.
کۆبانی ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی ڕێککەوتنەکان و گفتوگۆکانی لەگەڵ تۆم باراکی ناردەی تایبەتی ترەمپ و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا، بڕیار وایە هەسەدە سێ کەتیبە و دوو یەکینەی تایبەتی بۆ ئاسایشی سنوورەکان و یەکینەی ژنان لای خۆی گلداتەوە و وتیشی: ئەمریکا ئێستا تێگەیشتووە کە پاراستنی ئەو پێکهاتەیە بۆ ئێمە زەروورییە و نابێ یەکپارچەییمان لەناو بچێت.
نیگەرانی بەرامبەر سیاسەتەکانی شەرع
ناوبراو وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی هەمبەر بە دەوڵەتی کاتی دیمەشق، ڕایگەیاند: پاڵپشتیی ئەمریکا نابێ بەبێ مەرج بێت، ئێستاکە هیچ مەرجێکی دیار بۆ ئەحمەد شەرع ڕەچاو نەگیراوە، لە کاتێکدا شەرع پێشینەی فەرماندەیی تەحریرولشامی هەبووە و ئێمە باشیان دەناسین و ئێرە پێشتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان بووە.
ئەوان هەمان کەسانێکن کە عەلەوییەکان و درۆزییەکانیان کۆمەڵکوژ دەکرد و لە گرتە ڤیدیۆییەکانیاندا هەڕەشەیان دەکرد کە: “ئەمجار نۆرەی کوردەکانە”.
هەسەدە هاوپەیمانییەک بەپێی فرەچەشنی
فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە بەرامبەردا باسی لە پێکهاتەی فرەئیتنیکیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کرد و بیری هێنایەوە: ئێمە هاوپەیمانییەکمان لە کورد، عەرەبی سکۆلار، مەسیحی و گرووپە جۆراوجۆرەەکان هەیە، هەر بۆیە ناوکۆکیی ناوخۆییەکی کەمترمان هەیە، هەر ئەوەشە دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی ڕەوتی ئاوێتەبوون لە پێکهاتەی نوێی سووریا بۆ وێنە ئەوان یەکینەی ژنانیان نییە و ئێمە ناتوانین ژنانی شەڕڤانمان لە هێزەکانمان جودا بکەینەوە.
2026؛ ساڵی دیاریکەری داهاتووی سووریا
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەحمەد شەرع ئەگەر ژیرانە هەڵسوکەوت بکات و وەڵامی پێداویستیی خەڵکی سووریا بداتەوە، دەتوانێ سەرکەوێت، ڕایگەیاند: ساڵی 2026 ساڵێکی دیاریکەر دەبێت و دیمەشق دەبێ بزانێت کە عەلەوی، دروزی و عەرەبی سکۆلار پاڵپشتی لە هەسەدە دەکەن و زێدۆڕۆیی جێیەکی لە کۆمەڵگای سووریادا نییە و بەرهەمی شەڕە.
مەزلووم کۆبانی لە کۆتاییدا جەختیشی کرد: ئەمریکا دەبێ ڕۆڵێکی هاوسەنگتر بگێڕێت، هیچ جێگرەوەیەک بۆ هەسەدە نییە و ئێمە پێویستمان بە گۆڕانکاریی دیارتر و بەرچاوترە لە شەرع، نەک بە بەڵێنەکانی.
