لە زانکۆیەکی ئەمریکا دوو کەس کوژران و هەشتی دیکەش برینداربوون

بەرپرسانی ئەمنی ڕایانگەیاند، رۆژی شەممە، چەکدارێک کە جلی رەشی لەبەردابوو، لە زانکۆی براون لە ویلایەتی رۆد ئایلەندی ئەمریکا دەستڕێژی گوللەی کرد و بەهۆیەوە لانیکەم دوو کەس کوژران و هەشت کەسی دیکە برینداربوون. ڕووداوەکە لەکاتێکدا بوو کە خوێندکاران سەرقاڵی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بوون لە زانکۆکەدا.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس، گومانلێکراوەکە تا ئێستا دەستگیرنەکراوە و زیاتر لە سێ کاتژمێر دوای ڕووداوەکە، هێزەکانی پۆلیس هێشتا سەرقاڵی پشکنینی باڵەخانەکانی زانکۆکە و دەوروبەری بوون.

تیمۆسی ئۆهارا، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیس ڕایگەیاند، گومانلێکراوەکە پیاوێکە جلی ڕەشی لەبەردابووە و دواجار لەکاتی چوونەدەرەوەی لە باڵەخانەی ئەندازیاری بینراوە کە هێرشەکەی تیادا ڕوویداوە. لەلایەکی دیکەوە، برێت سمایلی، سەرۆکی شارەوانیی پرۆڤیدنس ڕایگەیاند، رێکاری قەدەغەی هاتووچۆ لە ناوچەکەدا ڕاگەیەندراوە و داوای لە دانیشتوانی نزیک زانکۆکە کردووە لە ماڵەکانیان بمێننەوە تا ڕێکارەکە هەڵدەگیرێت.

سەرۆکی شارەوانی باسی لەوەشکرد، هەموو توانایەکیان خستوەتەگەڕ بۆ دۆزینەوەی گومانلێکراوەکە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو هەشت کەسەی برینداربوون لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و دۆخیان سەقامگیرە، بەڵام رەتی کردەوە زانیاری لەبارەی ئەوەی قوربانییەکان بدات کە خوێندکارن یان نا.

خوێندکارێک کە لە بەشە ناوخۆییەکەی خۆی سەرقاڵی پرۆژەیەک بووە، بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی وتووە، “کاتێک گوێم لە دەنگی ئۆتۆمبێلی پۆلیس بوو و نامەیەکم پێگەیشت سەبارەت بە تەقەکەرێک، هەموو لەشم کەوتە لەرزین و بەزۆر خۆم کۆنتڕۆڵکرد”.

خوێندکارێکی دیکەش کە کەمێک لە شوێنی روداوەکە دوور بووە، رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە روداوەکە، خوێندکاران لە تاقیگەیەکی نزیک باڵەخانەکە خۆیان لەژێر مێزەکاندا شاردۆتەوە و گڵۆپەکانیان کوژاندۆتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاگاداری روداوی تەقەکردنەکە کراوەتەوە.لە لێدوانێکی کورتدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ وتی، “ئەوەی لە ئێستادا دەتوانین بیکەین تەنها نزا کردنە بۆ قوربانییەکان”.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “تروس سۆشیاڵ”، ترەمپ رایگەیاند، “ئاگادارکراومەتەوە لە تەقەکردنەکە کە لە زانکۆی براون لە رۆد ئایلەند رویداوە. ئێف بی ئای لە شوێنی روداوەکەیە”. سەرەتا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە گومانلێکراوەکە دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر بە پشتبەستن بە پۆلیسی زانکۆکە، ئەو قسەیەی راستکردەوە و رایگەیاند کە گومانلێکراوەکە دەستگیر نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، “هەواڵێکی ناخۆش لە رۆد ئایلەند. هەموومان چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ئێف بی ئای ئامادەیە بۆ هەر هاوکارییەک. هەموومان بیر و نزامان لەلای قوربانییەکانە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە