لە سووریا هێرشكرایە سەر سوپای ئەمریكا

لە نزیک تەدمور، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع تەقە لە کاروانێکی سەربازی ئەمریکی – سووری کرا، کە لە گەڕانێکی هاوبەشدا بوون و بەهۆیەوە 2 سەربازی ئەمریكی و وەرگێڕێكی مەدەنی ئەمریكی كوژراون و 3 سەربازی دیكە بریندار بوون، هاوكات فەرماندەی گشتی هەسەدە پەیامێكی بڵاوكردەوە.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە پەیامێكدا لە تۆڕی (ئێكس) نووسیویەتی، “بەداخین بۆ برینداربوونی ژمارەیەك ئەندامی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمریکی، بەهۆی رووداوێکی تەقەکردن لە بیابانی سووریا لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا”.

ڕاشیگەیاندووە، زیادبوونی ئەو هێرشانە پێویستی بە ئیرادەیەکی زیاتر و هەوڵی هاوبەش هەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و شانەکانیدا.

دەشڵێت: هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

لای خۆشیەوە، پنتاگۆن بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی هێرشەكەوە 2 سەربازی ئەمریكی و وەرگێڕێكی مەدەنی ئەمریكی كوژراون و 3 سەربازی دیكە بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی (سانا)ی فەرمی لە سەرچاوەیەکی ئەمنیی سوورییەوە بڵاویكردەوە، لە نزیک تەدمور، تەقە لە کاروانێکی سەربازیی ئەمریکی – سووری کرا، کە لە گەڕِانێکی هاوبەشدا بوون و بەهۆی هێرشەکەوە دوو سەربازی سووری و چەند سەربازێکی ئەمریکی بریندار بوون، تەقەکەرەکەش کوژرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، فڕِۆکەی سەربازی و هەلیکۆپتەری ئەمریکی بەشێوەیەکی چڕ لە ئاسمانی ناوچەکە دەفڕِن

ئاشكراشی كردووە، سەربازە ئەمریکییە بریندارەکان بە هەلیکۆپتەر برانە بنکەی سەربازیی تەنەف.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە