spot_imgspot_img

 “باڵندەی بەهەشت” زانایان هاندەدات بۆ دروستکردنی ڕەشترین قوماشی جیهان

لە تاقیگەیەک لە زانکۆی کۆرنێڵ، کراسێکی ڕەش لەسەر بووکەڵەیەکی نمایش دانرا، بەڵام ئەمە “ڕەش” نەبوو بە واتای باوی وشەکە، بەڵکو وەکو کونێکی بینراو دەچوو کە هەر ڕووناکییەکی بەسەردا بدرێت قوتیدەدات و هیچ وردەکارییەکی قوماشەکە دیار نەبوو.

ئەمە سیحر نییە و فلتەری دیجیتاڵیش نییە، بەڵکو ئەنجامی ماددەیەکی نوێی ڕستنە کە لە پۆلی “ڕەشە زۆرەکان” (Super Black) پۆلێن دەکرێت، واتە ئەو ڕووبەرانەی کە کەمتر لە 0.5%ی ڕووناکیی سەریان لێدەدرێتەوە دەدەنەوە.

نهێنی باڵندەی ڕەفلبێردی سەرنجڕاکێش

نهێنی ئەم ڕاددە توندەی ڕەشی، چیرۆکێکی “ئەندازەیی” و “فیزیایی”یە نەک تەنیا چیرۆکی بۆیەیە. توێژەرانی تاقیگەی دیزاینی جلوبەرگی کارلێکردوو بیرۆکەکەیان لە پەڕی باڵندەیەکی بەهەشت وەرگرتووە بە ناوی “ڕەفلبێردی سەرنجڕاکێش” (Superb Bird-of-Paradise). ئەم باڵندەیە بە درەوشانەوەی شین لەسەر سنگی ناسراوە کە پەڕێکی ڕەشی مەخمەری دەوری داوە و وەها دەردەکەوێت کە ڕووناکی لە ناویاندا ون دەبێت.

لە زۆربەی قوماشەکاندا، ڕەشی تەنیا “ڕووکەشییە” واتا بۆیەیەکە کە بەشێک لە ڕووناکی هەڵدەمژێت و بەشێکی دیکەی دەگەڕێتەوە بۆ چاوت. بەڵام ڕەشە زۆرەکان پشت بە تەڵەیەکی زیادە دەبەستێت، ئەویش ناچارکردنی ڕووناکییە بە چوونەناو تاهۆیەکی میکرۆسکۆپی کە ڕێڕەوەکەی درێژ دەکاتەوە و دەرفەتی هەڵمژینی زیاتر دەکات، لە جیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ بگەڕێتەوە.

بەپێی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری “Nature Communications” بڵاوکراوەتەوە، پێکهاتە نانۆییەکان دەرفەتی هەڵمژینی فۆتۆنەکانی ڕووناکی لەلایەن ماددەکەوە بەرز دەکەنەوە، ئەمەش وادەکات ڕەشترین ڕەشیی تا ئێستا ببینین. ماددە نوێیەکە زیاتر لە 99%ی ڕووناکی هەڵدەمژێت.

چارەسەری بێوێنە

باڵندەی ڕەفلبێرد ئەم کارە بە شێوەیەکی سروشتی دەکات، پەڕەکانی تەنیا پشت بە بۆیەی مێلانین نابەستێت، بەڵکو پشت بە ڕیزبەندییەکی وردی مووەکانی پەڕەکە دەبەستێت کە ڕووناکی دەورووژێنێت بۆ ناوەوە. بەڵام کێشەیەک هەیە: ئەم ڕەشییە سروشتییە زۆربەی کات ئاراستەییە، واتە کاتێک لە گۆشەیەکی دیاریکراوەوە سەیری پەڕەکە دەکرێت، سەرنجڕاکێشە، بەڵام کاتێک گۆشەی بینین دەگۆڕێت، کەمتر “ڕەش” دەبێت.

زانایان چارەسەری ئەم کێشەیەیان بە دوو هەنگاوی سادە لە بنەما و جوان لە جێبەجێکردندا هێنا:

  1. بۆیاخکردن: خوری مەینۆ (Merino wool) بە ماددەی پۆلیدۆپامین بۆیاخ کرا، کە توێژەران بە “مێلانینی دەستکرد” وەسفی دەکەن.

  2. هەڵکۆڵینی نانۆیی: پاشان قوماشەکە خرايە ژێر پرۆسەیەکى هەڵکۆڵین و نەخشاندن لەناو ژوورێکى پلازمادا کە بەشێکى زۆر وردى ڕووبەرەکەى لادەبات و نووکى نانۆیی تیژ لە دواى خۆى بە جێدەهێڵێت.

ئەم نووکانە وەک تەڵەی ڕووناکی کار دەکەن، ڕووناکی دەچێتە ناویانەوە و چەندین جار هەڵدەبەزێتەوە هەتا ڕێگەی گەڕانەوەی لێ ون دەبێت.

ئەنجامەکەی تەنیا ڕەشێکی تۆخ نییە، بەڵکو جیاوازییەکی ژمارەیی توندە؛ تێکڕای ڕووناکیدانەوەی قوماشە نوێیەکە بە درێژایی شەبەنگی بینراو (400-700 نانۆمەتر) گەیشتە 0.13%، کە بەپێی توێژینەوەکە، تا ئێستا ڕەشترین قوماشی ڕاگەیەندراوە.

بەکارهێنانە گرنگەکان

ئەمە لەوانەیە وەک تەنها خۆشییەکی بینراو یان حەزێکی “مۆدە” دەربکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندی بە بەکارهێنانە کردەییە هەستیارەکانەوە هەیە:

  • ئامێرە بیناییەکان: ڕەشە زۆرەکان گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ڕەنگدانەوەی پەڕشوبڵاو لەناو کامێراکان، ئامێرە بیناییەکان و تەلەسکۆبەکاندا.

  • وزەی خۆر: ئەم ئاستەی ڕەشی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی پانێڵ و تەکنەلۆژیای خۆر یان گەرمی بە زیادکردنی هەڵمژینی تیشک.

  • نهێنی کار (تمویه): توێژەران ئاماژە بە بەکارهێنانە بەڵێندراوەکانی ئەم ماددە نوێیە دەکەن لە پڕۆسەی نهێنی کار (کەمکردنەوەی دیاریکردن) و ڕێکخستنی گەرمی، چونکە ڕووبەرێک کە بە شێوەیەکی کارا ڕووناکی هەڵدەمژێت، دەتوانێت بەشێکی بگۆڕێت بۆ گەرمی کە دەکرێت بەڕێوە ببرێت.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە