لیژنەی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ لەبارەی چۆنێتی هاوکاارییەکان و هەنگاوە پیویستییەکان زانیاری ئاشکرا دەکات و دەلێت”داواکراوە هۆتێل و مۆتێلەکانی چەمچەماڵ و سلیمانی بکرێنەوە”.
عەتا محەمەد، سەرۆکی لیژنەی کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، داوا لە ڕاگەیاندنەکان دەکەم کە کاری سەرەکییان بریتی بێت لە ئارامکردنەوەی دەروونی خەڵک، نەک برەودان بە ڕق و کینە و بە گژداچوونەوە.
ڕاشیگەیاند، قوباد تاڵەبانی فەرمانی پێكهێنانی دوو لیژنەی دەركرد، كە یەكێكیان كۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژاندنەوەی مرۆیی قەزای چەمچەماڵ-ە، كە كۆمسیۆنێكی ماوە درێژەو بۆ گەشەپێدانی چەمچەماڵ و پڕكردنەوەی كەموكوڕییەكانێتی، هاوكات كار لەسەر لایەنە جیاوازەكان دەكات و یەكەم كاری بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووانی لافاوەكەیە.
جەختیشیکردەوە، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمپانیای دانە غاز بەڵێنی هاوکاریکردنی چەمچەماڵیان داوە.
ڕاشیگەیاند، بە مەبەستی بەهاناوەچوونی زیانلێكەوتووان و پاككردنەوەی چەمچەماڵ، شەش سێكتەر رێكخراون، كە سێكتەری یەكەمیان بۆ پاككردنەوەی پاشماوەی لافاوەكەیە و ئەمڕۆ لیژنەیەك بە 250 كرێكار و 110 لە چەمچەماڵ، شۆڕش، ئاغجەلەر و گۆپتەپە ئامێرەوە كاریان كردووە و پێشبینی دەكەین لە دوو رۆژی داهاتوودا شەقامەكان پاكبكرێنەوە و پاشان شوێنە گشتییەكانیش پاكدەكرێنەوە.
عەتا محەمەد وتیشی، داوا لە سەرۆکی گەشتوگوزار کراوە هەموو هۆتێل و مۆتێلەکانی چەمچەماڵ و سلێمانی و دەوروبەری ئامادە بکرێن، هەر کەسێک زیان بە ماڵەکەی گەیشت بێت و بیەوێت دەتوانرێت لەو شوێنانە جێگەی مانەوەی بۆ دابین بکرێت.
