وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاریدا بە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە و دامەزراندن و گواستنەوە تا پەسەندكردنی یاسای بودجە.
لە 31ی 12ی ئەمساڵدا، بودجەی 3 ساڵەی (2023 و 2024 و 2025)ی عێراق كۆتایی دێت و دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ بودجەی 2026 پەسەند دەكرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم ڕێكارەكانی دامەزراندن و سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە و گواستنەوەی میلاكی فەرمانبەران لە 1-1-2026 تاكو پەسەند كردنی بودجەی ساڵی 2026 ڕادەگیرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە ساڵی 2016ەوە لە هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە و ماوەی 10 ساڵە فەرمانبەران پلەیان بەرزنەكراوەتەوە و بەلێبڕینی پلەبەرزكردنەوەوە مووچە وەردەگرن، ئەمە جگە لە نیو مووچە و پاشەكەوت و نەدانی چەندین مووچە لەو ساڵانەی ڕابردوودا.
سەرباری ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە، گواستنەوە و هەژماری خزمەت و سەرمووچەش ساڵێكە لە هەرێم ڕاگیراوە و چارەنووسی دوو مووچەی ئەمساڵیش نادیارە.
