کارگەی کۆمپانیای “تێسلا” لە شاری شەنغەهای چین، چوارەمین ملیۆن ئۆتۆمبێلی خۆی بەرهەم هێنا. ئەم دەستکەوتە نوێیە بۆ کۆمپانیای ئۆتۆمبێلسازیی ئەمریکی، هاوکاتە لەگەڵ بەهێزکردنی بوونی لە کەرتی وزەی خێرا گەشەسەندوو لە چیندا.
ساڵی ٢٠١٩ دەستکرا بە دروستکردنی کارگەکەی شەنغەهای، کە یەکەم کارگەی زەبەلاحی تێسلایە لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکەم ئۆتۆمبێلی لە کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا بەرهەم هێنا.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی، ئێستا کارگەکە نزیکەی هەر ٣٠ چرکەیەک ئۆتۆمبێلێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت و نزیکەی نیوەی گشتیی گەیاندنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی “تێسلا” لە جیهاندا دابین دەکات.
هەر بەپێی وتەی کۆمپانیاکە، کارگەکە زیاتر لە ٣٠ مانگی پێچوو بۆ بەرهەمهێنانی یەکەم ملیۆن ئۆتۆمبێل، بەڵام بەرهەمهێنان لە ٣ ملیۆنەوە بۆ ٤ ملیۆن ئۆتۆمبێل تەنیا نزیکەی ١٤ مانگی خایاندووە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەداوە کە ئۆتۆمبێلەکانی کارگەکە بۆ ئەوروپا و ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن هەناردە دەکرێن و لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووشدا، کارگەکەی شەنغەهای زیاتر لە ٣٥ هەزار ئۆتۆمبێلی بۆ دەرەوە ناردووە، کە بەرزترین قەبارەی هەناردەکردنی مانگانەیە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا.
