لە ئەوروپا، هۆشداریی لە “زستانی سەدە” دەدرێت، گێژەڵوکەیەکی جەمسەری ڕەنگە شەپۆلێکی سەرماوسۆڵەی بێ وێنە لەگەڵ خۆی بهێنێت.
ژمارەیەک لە شارەزایانی کەشوهەوا زەنگی مەترسییان لێدا و هۆشدارییان دا کە ڕەنگە ئەوروپا لەسەر دەروازەی ئەوە بێت کە بە “زستانی سەدە” ناوبراوە، لەگەڵ ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی سەرماو سۆڵەی جەمسەری زۆر توند لە هەفتەکانی داهاتوودا، بەهۆی گێژەڵۆکەی نائاسایی کە نزیکەی پێنج دەیەیە تۆمار نەکراوە.
ئەم هۆشدارییانە دەگەڕێنەوە بۆ سەرنجە زانستییەکان کە ئاماژە بە ناوازەیی گێژەڵوکە جەمسەرییەکە دەکەن، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی شێوازەکانی کەشوهەوا کە بارستەیەکی هەوای جەمسەری سارد بەرەو کیشوەری ئەوروپا پاڵ پێوە بنێت، تا دەگاتە ئەڵمانیا، بەپێی ئەوەی کە یورۆنیوز ڕایگەیاندووە.
بەپێی یۆرۆ نیوز: “دوایین جار کە شێوازێکی کەشوهەوای هاوشێوە بووەتە هۆی زستانێک کە لە ئەڵمانیا بە زستانی سەدە وەسف کرا، لە ساڵانی 1978/1979 بوو، کاتێک دانیشتووان ڕووبەڕووی زریانی بەفری چڕ و پلەی گەرمی زۆر نزم بوونەوە.”
کەی شەپۆلی سەرماکە دەگات؟
هێشتا شارەزایان لەسەر کاتی گەیشتنی شەپۆلەکانی سەرماو سۆڵەی پێشبینیکراو ناکۆکن، بەڵام ئاماژە بەوە دەکەن کە کەشوهەوا تا دوای جەژنی کریسمس مامناوەند دەبێت، پاشان ڕەنگە گێژەڵۆکەو شەپۆلەکە دەست پێبکات.
ئەم دیاردەیە بەشێکی پەیوەندی بە گەڕانەوەی “لانینیا”وە هەیە، کە حاڵەتێکە لە ساردبوونەوەی ڕووی ئاوەکانی زەریای هێمن لە بەشی کەمەربەندییدا، کاریگەری لەسەر شێوازەکانی کەشوهەوای جیهانی هەیە.
بەپێی ڕێکخراوی جیهانی کەشوهەوا WMO ، لانینیا ئەمساڵ لاوازە، بەڵام ئەگەری 55%ی هەیە کە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا کاریگەریی بەرچاوی هەبێت.
سیلێست ساولۆ، سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە، دەڵێت: “پێشبینییە وەرزییەکان بۆ دیاردەکانی ئێل نینۆ و لانینیا ئامرازی سەرەکین بۆ پلاندانان لە سێکتەرە هەستیارەکانی کەشوهەوا وەک کشتوکاڵ، وزە و گواستنەوە، ئەم زانیارییانە یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکانی خەمڵێنراو بە ملیۆنان دۆلار و گرتنەبەری ڕێوشوێن”.
پێشبینییەکانی پێشوو کە هاتبوونە دی
توێژەرانی کەشوهەوا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا هۆشدارییان دابوو لە ئەگەری دەستپێکی زووی زستان لەسوید لەگەڵ شەپۆلێکی ساردی کتوپڕ، کە ئەمەش بە کردەوە هاتە دی کاتێک پلەی گەرمی لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا بە شێوەیەکی توند دابەزی.
پەیمانگای کەشوهەوا و هایدرۆلۆجی سویدی SMHI ڕایگەیاند: “مانگی تشرینی دووەم سەرەتایەکی گەرمی ڕێژەیی بەخۆوە بینی، پاشان قۆناغێکی ساردتر هات، ئەمەش وایکرد کە تێکڕای پلەی گەرمی لە باکووری وڵات کەمتر بێت لە ئاسایی بە بەراورد لەگەڵ قۆناغی ئاماژەپێدراوی 1991–2020.”
هەروەها ئاژانسی کەشوهەوای ئەمریکی NOAA دووپاتی کردەوە کە بارودۆخی لانینیا تا مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم دیاردە سروشتییە، وەک “ئێل نینۆ”، ڕەنگە ببێتە هۆی کەشوهەواییەکی زۆر توند لە سەرانسەری جیهاندا.
