وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەو جووتیارانەی تا ئێستا گەنمیان نەچاندووە، دوای ئەم شەپۆلی بارانبارینەی ئێستا دەستپێبکەن.
ھیوا عەلی، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند، ھاتنی باران بارین لە بەرژەوەندی وەرزی چاندندایە و ئەمساڵ بەشە بارانی باش باریووە و پەڵەی داوە ئەمەش کاریگەری ھەیە لەسەر وەرزی چاندن و سوودی زۆری بۆ کشتوکاڵ ھەیە، چونکە لە ناوەڕاستی مانگی ١١ وەرزی چاندن دەستی پێکردووە.
وتیشی: “دوای ئەم شەپۆلەی بارانەش ئەوەی چاندنی نەکردووە دەست پێدەکات و جووتیاران دڵنیابوونەتەوە لەوەی بارانی باش باریووە”.
ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنم بۆ ٣ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم و جۆ دەچێندرێت لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە جووتیاران بەپێی کەشوھەوا گەنم دەچێنن، چونکە پارساڵ جووتیاراێکی زۆر گەنمی چاندبوو، بەڵام بەھۆی کەمی باران بەرھەمی وەکو پێویست نەبوو.
ھیوا عەلی وتیشی، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان ١٠ ھەزار تۆن بنەتۆی باشی وەزارەتی کشتوکاڵ بەسەر جووتیاران دابەشکراوە بەنرخی پاڵپشتیکراو بەڕێژەی ٥٠% کەمتر لە نرخی بازاڕ.
جەختیشیکردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەرھەمھێنانی بنەتۆی زیاتر بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاران دابەش بکرێت ئەویش لە ڕێگەی سەنتەرەکانی توێژینەوەی کشتوکاڵی و جووتیارانی نموونەیی بۆ ئەوەی کێڵگەکانی جووتیاران ببنە شوێنی بروای جووتیارانی خۆمان، بۆیە بنەتۆی خۆمان بەرھەم دێنین و دوای توێژینەوە و بڕینی قۆناغەکانی پلەی زانستی و بڕواپێکراو بەسەر جووتیاران دابەشدەکرێت.
هیوا عەلی ڕاشیگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠ جۆری گەنممان ھەیە و زۆر بە بڕشت و کوالێتیان بەرزە و بەرگەی گۆڕانکاری کەشوھەوا دەگرن و کێبرکێی گەنمی وڵاتانی پێشکەوتوو دەکەن و خۆمان ھەرجۆرێک سەرکەوتووبێت لە ھەرێمی کوردستان دەیناسێنین و دەچێندرێت و بەرھەمی دەبێت.
