spot_imgspot_img

هەڵمەتی ڕاگەیاندنی نێوان یەکێتی وپارتی و بیرهێنانەوە تاڵەکان

ئەبوبەکر عەلی

لێپرسراوی دەزگای ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕایگەیاند لەگەڵ پارتی گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆئەوەی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی نێوانیان ڕابگرن. مرۆڤی پەرۆش بۆ وڵاتەکەی، کاتێک دەستەواژەی هەڵمەتی ڕاگەیاندن دەبیستێت، کەناوبراو لەشوێنی خۆیدا بەکاری هێناوەو یەکسانە بە بەکارهێنانی توانا ڕاگەیاندنەکان بۆ یەکتر ناشیرینکردن، تۆمەت خستنە پاڵ یەکتر، ڕووخاندنی مسداقییەتی هێزی بەرامبەر، نیشاندانی وەک هێزێکی دابڕاو لەمۆڕاڵ وهەست بەلێپرسراوێتی سیاسی وئەخلاقی ونیشتیمانیی، سەرودڵی دادەگیرسێت.

چونکە هەموومان دەزانین ئەم دەستەواژە بەشێکە لەزمانی دەربڕینی شەڕی ناوخۆی نەگریس. بەڵگەیە لەسەرئەوەی دۆخی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان ئەم دوو هێزە، لەناوەڕۆکدا، درێژەکێشانی شەڕی ناوخۆیە بەجۆرێکی تر، هەر بۆیە ئاسەوارەکانی شەڕەکەش، هەرلە بازگە سەرودڵ داگیرسێنەرەکانەوە بگرە، تازۆن وسنووری نفوزو هێزەکان و جۆری پەیوەندییەکان، بەهەندێ دەستکاری کەمەوە، وەکو خۆیان ماون!

لەوەش ناخۆشتر، دەستەواژەکە بیرمان دەهێنێتەوە کە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بیرۆکەی حکومەت و دەسەڵاتێکی ناوەندی و دامەزراوەی نیشتیمانیی سەروو حیزبی ودەڤەریی ڕاستەقینە، بەگوێرەی پێویست لەبیرکردنەوەی نوخبەی حوکمرانی حیزبیدا نەچەسپاوە! خەیاڵدانی سیاسیشیی، توانای تێپەراندنی بەکردەوەی سنووری حیزب وزۆنی نییە. زمانە سیاسییەکەی بەدەست هەژارییەکی کوشندەوە دەناڵێنێت.

پرسیارە دووبارە گەورەکەش لێرەدا ئەوەیە، داخۆ ئەم دۆخە تاکو کەی بەردەوام دەبێت؟ کەنگێ کاتی ئەوە دێت، هەناسەو ئەخلاق و کەلتوورو زمانی شەڕی ناوخۆ تێپەڕێنن و دەست بەقۆناغێکی ڕاگوزەری دوای شەڕ، بەتایبەتمەندییە کوردستانییەکە بکەن؟ داخۆ ئەم دوو هێزە وێستگەیەک دەبینن بچنە دوای ئەم قۆناغەوە؟ دەستەواژەی هەڵمەتی ڕاگەیاندن و کۆی زمان و هەناسەی شەڕی ناوخۆ بکەن بەبەشێ لەڕابردوو، بەحوکمی ئەوەی کە ئاماژەیە بە بوونی ململانێیەکی نائامانجمەند، لەکۆمەڵگەیەکی ناڕێکخراوی سیاسی نیمچە هەڵوەشاوەدا، لەکاتێکدا هەردووکیان بەڕواڵەت لەحکومەتدان و دەسەڵاتی هاوبەشی هەرێم پێکدەهێنن؟ بڕیار دەدەن لە ناکۆکی و ململانێوە بگوازنەوە بۆ کێبرکێی سیاسی بەوجۆرەی دیموکراسی ونیشتیمانسازی و ناسیۆنالیزمی مەدەنی دەیخوازێت؟ تێبگەن لەوەی نیشتیمان و گەل و دەسەڵاتسازیی مۆدێرن، دژبەیەکیی جەوهەرییان لەگەڵ زمانی سووکایەتیپێکردن، دیاریکردنی دوژمن لەنێو ماڵی نەتەوەیی و تۆڵەکردنەوە و کینەی سیاسیدا هەیە؟

کەی دەگەنە ئەو قەناعەتەی ئەودەیان وسەدان پەیجە سێبەرە دابخەن، کە شەو و ڕۆژ لەڕێی ئەوانەوە تەنانەت لەکاتی دانیشتن و گفتوگۆکانیشدا قسەی نزم و وسووکایەتی نامێنێت بە یەکتری نەڵێن ونەکەن؟ بڕیار دەدەن دان بەحکومەتی هەرێمدا بنێن وهێزەکانیانی ڕادەستبکەن؟ دەستوورێک بۆ هەرێمەکە پەسند بکەن. هەر لەئێستاوە بازگەکانی شەڕی ناوخۆ هەڵبگرن، وێنەی شەهیدە حیزبییەکانی ئەو شەڕە لابەرن و یادە حیزبییەکانی پەیوەست بەو کۆتاییپێبهێنن…هتد یاخود، بەپێچەوانەی ئەرکەکانیانەوە، هاوشێوەی ئێستا لەبازنەیەکی داخراودا دێن ودەچن، تەنها ئیدارەیەکی ناکارای ململانێکانیان دەکەن و ناکۆکییەکانیان لەسەرحسابی هاووڵاتی، قەوارەی هەرێم، گەلی کوردستان ودۆزەکەی، بەردەوامی پێ دەدەن وهەرگیز ناهێڵن قۆناغ ببڕین، لەکاتێکدا هەروەک پێشتریش نووسیومانە خۆمان وئایندەو دۆزو چارەنووسمان لەبەردەم پێناسەکردنەوەیەکی نوێدایە؟.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە