ڕوانگەی سەوزی عێراقی باسی پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا دەکات و دەڵێت” شاندی تورکیا هەوڵی پڕۆژە دەدات، بەڵام پابەندی بەردانەوەی پشکی ئاوی عێراق نییە”.
ڕوانگەی سەوزی عێراقیی ئاشکرای کرد، شاندێکی تورکی سەردانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی فیدراڵیان کردووە لە بەغدا، بەڵام سەرەڕای گفتوگۆکان، تورکیا پابەندی بەردانەوەی بڕی پێویستی ئاو بۆ ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە عێراقدا نییە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، ڕوانگەی سەوزی عێراقیی وردەکاریی کۆبوونەوەکەی نێوان بەرپرسانی تورکیا و وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقی خستە ڕوو، هاوکات بەرپرسانی تورکیا باسیان لە دەستپێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان کردووە، وەک دروستکردنی بەنداو و ڕێکارەکانی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە پرۆسەی ئاودێری، سامانی ئاژەڵ و بەکارهێنانی سروشتی.
بەپێی ڕوانگەکە، سەرەڕای ئەم گفتوگۆیانە، دەوڵەتی تورکیا ڕەتی دەکاتەوە ئەو بەندانەی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکات کە تایبەتن بە بەردانەوەی بڕی پێویستی ئاو بۆ عێراق.
ڕوانگەکە دەڵێت، بەهۆی ئەم سیاسەتەی ئەنقەرەوە، هاووڵاتیانی عێراق لە وەرزی هاوینەوە تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکیان لە ئاستی ئاوی ڕووبارەکاندا بەدی نەکردووە، و زۆنگاوەکان و ڕووبارەکانی پارێزگاکانی باشوور هێشتا وشکن. هەروەها کێشەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێ لە پارێزگای بەسرە چارەسەر نەکراوە.
ڕوانگەی سەوزی عێراقیی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم دۆخە بەهۆی سیاسەتی تورکیاوەیە کە ئامادە نییە پشکی ئاوی عێراق بەرداتەوە و دەیەوێت پڕۆژەکانی تەنها بۆ بەرژەوەندیی تاکلایەنانەی خۆیان بن.
