spot_imgspot_img

“هیچ”

عەلی عەبدولسەمەد

“هیچ” لە ئەدەبیاتی زۆرێک لەمنەوەرەکانی دونیایی عیرفان و ئەدەبیاتدا ڕەنگی داوەتەوە و ئەوەیان بەڕوونی بەیانکردوە کە بەڵێ حەقیقەتی ئەم دونیایە هیچە و ئەوەی خاوەنی مانا و بەهایە، دونیایی پاش ئێرەیە کە ئەبەدییە، نەک دونیایی کاتی ئێرە. بەبێ بەرگ هاتویت و بەبێ بەرگ دەڕۆیت، لەنێوان ئەم هاتن و چونەشدا، تۆ تەنها ڕێبوارێکی نێو ئەم کاروان سەرایەیت و زۆر زوو جێیدەهێڵیت، چونکە کاروان سەراکان، تەنها شوێنی ڕۆژێک، دوو ڕۆژمانەوەن.

مرۆڤ کە خۆیی لە حەقیقەتدا خاوەنی هیچ نیە، بەڵام هەمیشە لای وابووە کە زۆری هەیە و خاوەنی زۆر شتە، هەر لە باخ و ڤێللای ڕازاوە، هەتا سەرمایە و کار و ئۆتۆمبێلی گران بەها و زۆر شتی دیکە، بەهی خۆی دەزانێت و زۆر جاریش بەبوونی ئەم شتانەوە توشی غرور دەبێت بەسەر ئەوانی دیکەدا. گەورەترین شەڕیشی لەسەر هیچە و لەپێناو ئەم هیچەشدا زۆر جاران ملی دەشکێنێت و تیادەچێت و ئەوەی ئێستا لەدەستی تۆدایە، سبەی بەدەست کەسانی دیکەوەیە.

عارف و خواناسی گەورەش جەنابی “مەولانا” لەدێڕکێدا باسی ئەمە دەکات و دەفەرموێت. “دونیا هیچ و ئەهلی دونیا هەمووی هیچ، ئەی هیچ لەبۆ هیچ خۆت مە پێچە لە هیچ” ئەم دێڕەی مەولانا زۆر بەڕوونی باس لە حەقیەتی دونیا دەکات کە هیچە و ئەوەشی لێرەدایە هەر هیچە، چونکە سەرئەنجامی هەموو شتەکان تیاچوون و فەنابوونە. لەناو دونیایی ئەدەبیاتی کوردیشدا، کەم نەبوون ئەو شاعیرانەی کە باسیان لەم حەقیقەتە کردوە و ئەوەیان بەیان کردوە کە دنیا هیچە و فریودەرە و چێژ و خۆشیەکانیشی کاتی و کورتن. وەک جەنابی “مەحوی” کە دەفەرموێت “بەئاوی تێگەیشتین ئێمە دنیا هەر سەرابێک بوو، هەموو دەشچن بە خنکان و لەوشکیشە مەلەی مەخلوق” لێرەدا مەحوی مەبەستیەتی بڵێت، پێمان وابوو دونیا ئاوی سازگارە و کانیەکی ڕونە، لێی دەخۆینەوە و دەحەوینەوە، بەڵام نا دونیا سەراب و تراویلکەیەکی فریودەرە و لەدوورەوە بەئاوی دەزانین. ئەوەیشی لای ئەو جێگای داخە، هەموومان بەرە و ئەو سەرابە دەچین و لەناو ئەم وشکانیشەدا، مەلەدەکەین و دەخنکێین.

بەهەمان شێوەیش، “فەتحی” شاعیر کە یەکێک لە شاعیرە کلاسیکەکانی ئەدەبیاتی کوردییە، لە شعرێکدا زۆر بەجوانی باسی لەمەکردوە و دەفەرموێت. “هیچم نەماوە غەیری فکری هیچ ئەبێ چی بێ هیچ کە هیچ نەم بێ هیچ، ئێستا کە هیچم، هیچم دیار نیە هیچم لەکوێ بوو کە دەرچوون لە هیچ. وەک ڕون و ئاشکرایە، شاعیر لێرەدا زۆر بەجوانی هیچێتی دنیا بەیان دەکات و دەرچونیشی لەدونیا، بە دەرچوون لە هیچ دەزانێت.

قورئانیش، ئەم هیچێتیەی دونیایی لەزۆر شوێندا باسکردوە و ئەوەی بەمرۆڤ وتوە کە دونیا ساتانێکی کەم و فریودەرن و وەک و گاڵتەو گەپ و کایەیەکی منداڵانە وایە و براوە و سەربەرز ئەوەیە کە، دونیای حەقی پاش ئێرە، بە هیچێتی ئێرە نە دۆڕێنێت..

١. وما الحیاة الدُّنيا إلّا متاع الغرور

٢.وما الحیاة الدُّنيا إلّا لعب و لهو

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە