خەڵك؛ دواین زانیاری لەسەر دابەشكردنی نەوتی سپی بڵاودەكاتەوە

ماوەی دوو مانگە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم دەستی بە دابەشكردنی نەوتی سپی كردووە و دەڵێت: زیاتر لە 107 ملیۆن ليتر نەوتی سپی لە هەرێم دابەش کراوە و وتەبێژی نەوت و كانزاكانی سلێمانی دەڵێت: تا ئێستا لەناوشار دابەشنەكراوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە ڕاپۆرتێكدا ئاماری دابەشكردنی نەوتی لە شارەكانی هەرێم بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، تا ئێستا زیاتر لە 107 ملیۆن ليتر نەوتی سپی بەسەر نزیکەی 537 هەزار خێزان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم دابەش کراوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، بڕی 75 ملیۆن و 216 هەزار و 257 لیتری عەمباركراویان ماوە.

لای خۆشیەوە، سەلام عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە زۆربەی ناوچەكانی دەرەوەی شار و قەزا و ناحیەكان و ناوچە شاخاوییەكان نەوت دابەشكراوە و زیاتر 85%ی شوێنەكان نەوتیان وەرگرتووە و ڕێژەیەكی كەم ماوە.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا لەناو شاری سلێمانی دەستیان بە دابەشكردنی نەوت نەكردووە و چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیان تاكو دەست بە دابەشكردن بكەین.

جەختیشی كردەوە، هەركات بڕیاری وەزارت بەدەستیان بگات لەناو سلێمانی دەست دەكەن بە دابەشكردنی نەوت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە دوو هەفتە ماوە بۆ وەرزی زستان و شەپۆلی سەرماش ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و بەهۆی خاوی دابەشكردنی نەوت نرخی نەوت لە بازاڕەكان بەرزبۆتەوە.

مەروان سەباح، لەگۆڕەپانی فرۆشتنی سووتەمەنی هەولێر بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا لەوەرزی سەرما نزیكتر دەبینەوە نرخی نەوتی سپی ماڵان بەرزتر دەبێتەوە و بەراورد بەساڵی ڕابردووش ئەمساڵ نرخەكەی بەرزترە.

دەشڵێت، ساڵی ڕابردوو نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە نزیكە ١٦٥ هەزار دینار، بەڵام ئەمساڵ تا نزیكەی ١٩٠ هەزار دینار بەرزبۆتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دابەشكردنی نەوت كاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەكات، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی نەوتی دابەشكراو كاریگەرییەكەی كەمتر دەبێت لەسەر نەوتی بازاڕ، بەتایبەت ئیستا بەهۆی دۆخی كارەباوە هاووڵاتیان زیاتر نەوت بەكاردێنن و تائێستاش لەهەموو شوێنەكان نەوت دابەش نەكراوە.

ماوەی دوو مانگە دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێكردووە، كە 200 لیتر بە 104 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان، بەلام تا ئێستا دابەشكردنەكە نەگەیشتۆتە ناو شارەكان لەكاتێكدا كەشی ساردیش تا دێت زیاتر دەبێت و هاووڵاتیان بەرەو وەرزی زستان دەڕۆن.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە