مامۆستایانی وانەبێژی لادراو داوا لە حکومەت دەکەن گشتاندن دەربکەن و بگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن.
نزیکەی ١٥٠٠ مامۆستای وانەبێژی لادراو لە هەرێمی کوردستان، پەیامێکی ناڕەزاییان ئاڕاستەی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و حکومەت کرد و داوای گەڕانەوەیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن کرد.
مامۆستایانی لادراو بە خەڵك-یان ڕایانگەیاندووە، کە داوا دەکەن وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێک دەربکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
مامۆستایان ئاماژەیان بەوەدا، کە هەر یەکێکیان لە ساڵێک تا ١٣ ساڵ خزمەتی کردووە و ئەزموونی وانەوتنەوەیان هەیە، ئەوان نیگەرانیی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی وەزارەت کە بڕی ٤٠٠٠ دیناری بۆ هەر وانەیەکی زیادە (سەرباری کاتژمێری فەرمی) بۆ مامۆستایانی میلاک و گرێبەست داناوە.
مامۆستایانی لادراو ئەو هەنگاوە بە بێ هیواکەر دەزانن و داوا دەکەن لە جیاتی ئەو بڕیارە، بگەڕێنرێنەوە ناو هۆڵەکانی خوێندن بۆ خزمەتکردن، هاوکات مامۆستایان جەخت دەکەنەوە، کە ئەوان ئامادەن بەردەوام بن لە خزمەتکردن لە کەرتی پەروەردەدا بە پشت بەستن بەو ئەزموونە زۆرەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە.
