قەیرانی دارایی لە عێراق لەسەروبەندی”تەقینەوە”ی گەورەدایە، ئەمەش پێش چەند ڕۆژێک لەساڵیادی خۆپیشاندانەکەی ١٥ی کانوونی یەکەم دێت، کە مەترسی تەقینەوەی زیاتری لێ دەکرێت.
وەزارەتەکانی دەوڵەت ماوەی چەند هەفتەیەکە ڕووبەڕووی فشاری دارایی قورس بوونەتەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ساڵی دارایی، لەکاتێکدا پێداویستییەکانی خەرجکردنی کارپێکردن بەرز بوونەتەوە و پابەندییەکانی حکومەت زیاتر بوون، ئەمەش کاردانەوەی لەسەر دابینکردنی دارایی بۆ چەندین دۆسیە هەبووە، لە سەروویانەوە شایستە داراییەکانی کۆمپانیا و پڕۆژە خاوەنکارەکان (موقاولین).
ئەم قەیرانە چیتر تەنها لە چوارچێوەی ژمێریاری وەزارەتەکان یان خشتەی داراییەکاندا قەتیس نەکراوە، بەڵکو گەیشتۆتە کەرتی خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان. لەکاتێکدا پڕۆژە خاوەنکارەکان چاوەڕێی چارەسەری بەپەلە دەکەن دوای ئەوەی قەرزەکانیان لەسەر بانق و دابینکەران و کرێکاران کەڵەکە بووە، دواکەوتنەکە بووەتە هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ سستبوونی سەدان پڕۆژە لە پارێزگاکاندا.
یەکێتیی پڕۆژە خاوەنکارەکان: گەیشتینە قۆناغێکی مەترسیدار و خۆپیشاندان لە کاتی خۆیدایە
ئیسماعیل ئەلڕوبەیعی، ئەندامی یەکێتیی پڕۆژە خاوەنکارانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ “بەغداد الیوم” ڕایگەیاندووە، “کەرتی تایبەت گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار بەهۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکان، و خۆپیشاندانی ئاشتییانەی بڕیارلێدراو بۆ ڕۆژی 15ـی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە.
ڕوبەیعی ئاماژەی بەوەدا، کە “کۆی تێچووی ئەو پڕۆژانەی کە کۆمپانیاکان جێبەجێیان دەکەن، نزیکەی ٢٠٠ تریلیۆن دینارە، لەکاتێکدا شایستە داراییەکانی پڕۆژە خاوەنکارەکان لای حکومەت دەگاتە ٣٠ تریلیۆن دینار.”
ڕوونیشی کردەوە، کە “سەرۆک وەزیران فەرمانی بە خەرجکردنی ٥ تریلیۆن کرد، بەڵام وەزارەتی دارایی تەنها ٢ تریلیۆن دیناری خەرج کردووە، کە بڕێکە قەیرانەکە چارەسەر ناکات، بۆیە ڕەتمان کردەوە وەری بگرین.”
ئەو دووپاتی کردەوە کە “ڕاگرتنی پڕۆژەکان هەنگاوی داهاتوو دەبێت ئەگەر شایستە داراییەکان خەرج نەکرێن، بەتایبەتی پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پشت بە گرێبەستە بەردەوامەکان دەبەستن.”
وەزارەتی دارایی تۆمەتەکان ڕەت دەکاتەوە و وردەکاریی خەرجکردن دەخاتە ڕوو
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی بەیاننامەیەکی بەرفراوانی بڵاوکردەوە و ئەو قسانەی کە لە زاری سەرۆکی یەکێتیی پڕۆژە خاوەنکارانەوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا هاتبوون، ڕەت کردەوە. وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە “بانگەشەی ناردنی یەکێک لە ژنە پەرلەمانتارەکان بۆ دانوستان لەگەڵ وەزیر (تەیف سامی) لەسەر شایستە داراییەکان بە تەواوی نادروستە، و وەزارەت هیچ پەرلەمانتارێکی بۆ ئەم مەبەستە پێشوازی نەکردووە.”
وەزارەتی دارایی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە “وەزارەتەکە بە فەرمی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی (٤٣٥ و ٧٢١ی ساڵی ٢٠٢٥)ی ڕادەستی نوێنەری یەکێتییەکە کردووە، کە تەرخانکردنی بڕی (٢) تریلیۆن دینار لەخۆگرتبوو، جگە لە خشتەی تەرخانکردنی ٢٥٪ـی شایستە داراییەکان.”
ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕێکارەکانی دابینکردنی دارایی بریتی بوون لە خەرجکردنی (١,٣٧١,٤٥١,٩٠٤,١٩٠) تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتەکان، و (١,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠) تریلیۆن دینار بۆ پارێزگاکان، و دابینکردنی شایستەی دارایی بەردەوامە بەپێی ئەو داواکارییانەی لە وەزارەتی پلاندانانەوە هاتوون.
وەزارەتی دارایی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ لێپرسینەوە لەو کەناڵ و ڕاگەیاندنکارانەی کە زانیاری چەواشەکارانە لەبارەی ئەم دۆسیەیە بڵاو دەکەنەوە.”
