سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات جەخت لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئیمارات، لە شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتگیری و هاریکاریی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە. هەروەها دانانی نێردەیەکی ئیماراتی، تایبەت بە کاروباری ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.
هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە هەموو بوارەکاندا.



