spot_imgspot_img

فێستیڤاڵی تەحین لە ئامێدی دەستیپێکرد

لەبەر زۆری خواست لەسەر تەحینی ئامێدی، ئەم ساڵیش فێستیڤاڵی بەبازاڕکردنی تەحین لە ئامێدی لە سنووری پارێزگای دھۆک دەستی پێکرد کە ٢٦ کارگەی دروستکردن بەشدارییان کردووە و بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت.

ئەم ساڵ لە سنووری قەزای ئامێدی دوو فێستیڤال ئەنجام دران، یەکەمینيان تایبەت بوو بە سێوی بەرواری باڵا لەناحیەی کانی ماسێ، دووەمیشیان دانو بوو، لەناحیەی بامەڕنێ، ئەمرۆش سێیەمینيان تەحین و بەرھەمی خۆماڵی لە ئامێدی بەرێوەچوو.

لە ڤێستیڤاڵەکەدا بێجگە لە تەحین، ھەنار، ھەنگوینی خۆماڵی، مرەبا، خواردنی جیاوازی کوردەواری، کاری دەستی و برنجی کوردی، کەلوپەلی خواردنی وشککراو و بەرھەمی شیرەمەنی و بەرھەمی دیکە نمایش کران.

یەکەمجار، ٢٣-١١-٢٠٢٣ لە قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دھۆک بە بەشداریی ٢٧ کارگە و ئاشی تەحینی دەڤەرەکە، فێستیڤاڵی تەحین بەرێوەچوو.

ساڵانە لە سنووری پارێزگای دھۆک، دوو ھەزار ٦٥٣ دۆنم زەوی بە کونجی دەچێندرێت، ٦٢٣ تۆن کونجی بەرھەم دەھێندرێت کە دەکرێن بە تەحینیش ٤٧٠ تۆن تەحین لێیان بەرھەمدێت.

ناوبانگی تەحینی ئامێدی سنوورەکانی ھەرێمی کوردستانی تێپەڕاندووە لە عێراق و وڵاتانی دیکەیش خواستی زۆری لەسەرە، ساڵانە سەدان تۆن تەحین ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە