ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی یاسر ئەبو شەباابی بلاوکردەوە، کە بە دەژمنە ناوخۆییەکەی حەماس ناسراوە.
کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، کە یاسر ئەبو شەباب، سەرۆکی میلیشیا هاوکارەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، کوژراوە.
ماڵپەڕی سروگیمی عیبری ئاماژەی بەوەدا کە ئەبو شەباب لەلایەن چەکدارانی “حەماس”ەوە لە باشووری کەرتی غەززە کوژراوە، بەڵام، بەرپرسانی ئەمنیی ئیسرائیلی بە کەناڵی 13ـیان ڕاگەیاندووە کە ناوبراو لە کاتی پێکدادانی نێوان هۆزەکاندا کوژراوە.
یاسر ئەبو شەباب کێ بوو؟
یاسر ئەبو شەباب فەلەستینییە و لە ساڵی 1990 لە ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە لەدایک بووە، و سەربە عەشیرەتی ترابین بووە. پێش 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بە تۆمەتی تاوانکاری، لەوانە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و دزی، دەستگیر کرابوو.
دوای بۆردوومانکردنی بارەگاکانی دەزگا ئەمنییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد کرا، و ناوی دوای ئەوە هاتە کایەوە کە کەتائیبی عیزەدین قەسام هێرشی کردە سەر هێزێکی “مستەعرەبین” (ئەوانەی خۆیان وەک عەرەب نیشان دەدەن) لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح، کە دەرکەوت ژمارەیەک سیخوڕی دامەزراویان لەگەڵ بوون و ڕاستەوخۆ سەر بەوە بوون کە بەرگری ناوی نابوو “عەسەبەی یاسر ئەبو شەباب”.
یاسر ئەبو شەباب هێزێکی تایبەتی لە شاری ڕەفەح دامەزراند، کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلدایە، و گرووپەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە بۆ دابینکردنی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هەندێک ناوچەی غەززە دامەزراوە، پێش ئەوەی ئیسرائیل بە تەواوی دەروازەکان دابخات و ڕێگری لە هاتنی یارمەتی بکات.
لە سەرەتادا ئەم گرووپە ناوی خۆی نابوو “دەزگای دژە تیرۆر”، دواتر لە 10ی ئایاری 2025 بە ناوی “هێزەی گەل (القوات الشعبية)” دەرکەوتن.
