سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لێکۆڵینەوە لە ”هەڵەی” لیستی تیرۆر دەدات وجەخت لەوە دەکاتەوە “ڕەزامەندی تەنها بۆ سڕکردنی سامانی داعش و قاعیدە بووە”.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دا لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکرێت لەو ”هەڵەیە”ی کە لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی سەبارەت بە لیستی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان بڵاوکراوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی، بڕیارەکە بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و سزادانی ئەو کەسانەیە کە کەمتەرخەم بوون لەو ”هەڵەیە”ی لە بڕیاری ژمارە 61ـی ساڵی 2025ـی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان ڕوویداوە، و ئەم بڕیارە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی ژمارە 4848 لە 17ـی تشرینی دووەمی 2025 بڵاوکرابووەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاندووە، کە ئەوەی لە ڕۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە، چەند دەقێک بووە کە ”هەڵوێستی نادروست” نیشان دەدەن، و ڕەزامەندیی لایەنی عێراقی بۆ سڕکردنی سامانەکان، کە لەسەر بنەمای داواکاریی مالیزیا بووە، تەنیا بریتی بووە لە لیستکردنی ئەو قەوارە و کەسانەی کە پەیوەندییان بە هەردوو ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و قاعیدەوە هەیە.
لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەو لیستە ئاماژەی بە ژمارەیەک حیزب و قەوارە کردبوو کە هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدەوە نییە.
لیژنەکە دەڵێت خستنە لیستی ناوی قەوارەکانی دیکە بەهۆی بڵاوکردنەوەی لیستەکە بووە پێش وردبینیکردنی، بۆیە ئەوەی لە ڕۆژنامەکەدا بڵاوکراوەتەوە ڕاست دەکرێتەوە و ئەو قەوارە و حیزبانە لە لیستی قەوارە پەیوەندیدارەکان بە داعش و قاعیدە دەردەهێندرێن، کە مەبەست لێی حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەنن.
رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراقی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، پاڵپشت بە بڕیارەکانی لیژنەی سڕکردنی سامانی تیرۆریستان، هەریەک لە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حووسییەکان لە یەمەن و حیزبوڵڵای لوبنانی لە لیستی تیرۆردا دانابوو.
ئەم بڕیارەی لیژنەکە کاردانەوەی توندی گرووپە چەکدارەکانی بەدوادا هات و هێرشێکی توندیان کردە سەر حکومەت و داوای ڕوونکردنەوەیان کرد، و جێگری پارێزگار بە وەکالەت و سەرۆکی لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان، بە نووسراوێکی “نهێنی و زۆر بەپەلە” داوای کردووە کە ناوی حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن لەو لیستە دەربهێندرێت، بەو پێیەی بە ”هەڵە” دانراون.
حکومەتی عێراق لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە کە ”هەڵوێستە سیاسی و مرۆییەکانی بەرامبەر بە دەستدرێژییەکان بۆ سەر گەلانی لوبنان و فەلەستین، هەڵوێستی پەرەنسیپی و نەگۆڕن و قابیلی موزایەدە نین و ئەمەش ڕەنگدانەوەی خواستی گەلی عێراقە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە”.
