وەزارەتی دارایی عێراق هەواڵێک لەبارەی مووچە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: هیچ زانیارییەکی لەو جۆرەی بڵاونەکردۆتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق هەواڵێک لەبارەی مووچە رەتدەکاتەوە، كە باس لەوە دەكات، “وەزارەتەکەیان بەهۆی کۆتاییهاتنی بودجەی ئەمساڵ ناتوانێت مووچە بۆ گرێبەستە نوێیەکان لە پارێزگای بەغدا دابین بکات”.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو هەواڵانە سەرلەبەری ناڕاستە.
جەختیشی كردۆتەوە، “ئەو هەواڵە دورە لە راستییەوە و وەزارەتی دارایی هیچ زانیارییەکی لەو جۆرەی بڵاونەکردۆتەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە چەند ڕۆژێكە پارێزگای بەغدا لیستی ناوی دامەزراوانی بە گرێبەست ڕاگەیاند و ئەوەش ناڕازایی زۆری لێكەوتەوە بەهۆی دروست بوونی گومانی “نادادپەروەری و بوونی ناوی دووبارە و وەهمی” و پارێزگاری بەغداش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەرگای تانە دەكەنەوە بۆ هاووڵاتیان.
