سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و ڕایگەیاند، ئەو ڕۆڵەی ئەمەریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بوو بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە.
ئەمڕۆ چوار شەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر مەسعود بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە بارزانی کرد. هەروەها سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی بارزانی کرد لەپێشخستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
جێگری وەزیری دەرەوی ئەمریکا باسی لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکای لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد و رایگەیاند، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە کە ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە.
وتیشی، “ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات”.
هەر لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆری کرد و داوای کرد، “ئەم کارە تێکدەرانە کۆتایی پێ بهێنرێن”.
لای خۆشیەوە، بارزانی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسفکرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت.
بارزانی باسی لە مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند، ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردستان دروستبوو و ئەو ڕۆڵەی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بوو بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکومەت و پەرلەمان و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بنیات بنێت.
بارزانی باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و وتی، “هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی ئەمریکا نەبا قوربانییەکان زیاتر دەبوون”.
بارزانی ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمریکا لە ناوچەکە دا و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، گەلی کوردستان گەلێکی بە وەفایە بەرانبەر ئەو پشتیوانی و هاوکاریانەی ئەمریکا بۆی هەبووە و پاڵپشتیی خۆی نیشاندا بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.


