spot_imgspot_img

نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکا هەمیشە لەپاڵ گەلی کورد وەستاوە

گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر كرایەوە و سەرۆكی هەرێم دەڵێت: بەتەواوی پشتگیری لە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک ترەمپ دەکەین لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا جەختکردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی پەیوەندیی نێوان هەولێر و واشنتۆن و نیشانەی “پەیوەندییەکی مێژووییە.”

وتیشی، ” پێشمەرگە شانبەشانی ئەمریکا شەڕی دژی داعشیان کرد و ئەمریکا هەمیشە لەپاڵ گەلی کورد وەستاوە”.

ڕاشیگەیاند، بەتەواوی پشتگیری لە هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەین لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، هەروەها دەستخۆشیی لێدەکەین بۆ دیاریکردنی مارک ساڤایا وەکو نێردەیەکی تایبەتی بۆ عێراق، ئەمە پێشهاتێکی گرنگە.”

لای خۆشیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەکاتی پێویست لەگەڵمان و هاوکاری کردووین.

وتیشی، “ئەمریكا لەگەڵ ئێمە وەستاوە و ئێمەش لەگەڵ ئەمریکا وەستاوین. ئێمە و ئەمریکا شانبەشانی یەک وەستاوین”.

مەسرور بارزانی وتی، “پشتیوانی تەواو لە سیاسەتی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەین کە جەخت لەوە دەکاتەوە ئاشتی لە رێگەی هێزەوە بەدەستدێت”.
ئاماژەی بەوەدا، “شانازی بە هاوپەیمانییەتییەکەمان دەکەین، ئێمە دژی تیرۆریست و دیکتاتۆرییەت جەنگاین و ئێستا کاتی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە”.
لەبارەی حکومەتی نویێ عێراق مەسرور بارزانی باسی لەوەکرد، “حکومەتێکمان دەوێت رێز لە دەستوور بگرێت”.
spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە