ڕێبەری زیندارنیكراوی پەكەكە هۆشداری دەدات، “هەوڵی تێكدان و كودەتا بەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە توركیادا دەدرێت، بەڵام ئەوە هەوڵێکی کلاسیکانەی کودەتایی نییە و بەڵكو هەوڵدانە بۆ هێنانەئارای دۆخێکی مەترسیدار”.
شاندی دەم پارتی دەبارەی دیدارەکەی دوێنێیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ڕاگەیەندراوێكیان بڵاویكردەوە.
وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئۆجەلان سەرنجی خستوەتەسەر هەوڵ و پرپاگەندەکانی ئەم دواییە دژ بە پرۆسەکە و بە “تێکدانی پرۆسەکە” ناوی هێناوە.
ئۆجەلان وتویەتی، “ئەم دۆخە لە هەمو پرۆسەکاندا وەک میکانیزمێکی کودەتا سەرهەڵدەدات. ئەمە هەوڵێکی کلاسیکانەی کودەتایی نییە، بەڵکو وەک هەڵمەتێک دژ بە پێشکەوتنەکانی پرۆسەکە خۆی دەردەخات. دەبێت وەک هەوڵدان بۆ هێنانەئارای دۆخێکی مەترسیدار لێکبدرێتەوە”.
دەشڵیت، “لە ئێستاماندا ئەم لایەن و بازنانە درێژەپێدەری هێزە دەرە نۆرمەکانی دەوڵەتن. لە لایەکی دیکەوە دژی نەریتی میتۆدی کولتوری، سیاسەت، ڕێکخستنی نهێنی و ئاشکرا کە وەک نەخشەی کودەتایەک کاردەکات و ماوەی سەد ساڵە تورکیای لە چوارچێوە داوە، ئیرادەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیش سەریهەڵداوە، ئەم ئیرادەیە لە بەهێزبووندایە”.
ئۆجەلان باسی لەوەكردوە، “دەستوەردانی دەرەوەی دیموکراتیکی و توندوتیژی سیاسی، بە پەسەندکردنی یاسای ئاشتی لەسەر بنەمای یاسایی فرەلایەنە لە ڕۆژەڤی تورکیادا لادەبرێت. لەم ڕووەوە ڕاگەیاندراوەکەی 27ـی شوباتمان نەخشەڕێگەیە. هەموو ئەو هەنگاوانەی بەم ئامانجە هەڵگیراون، ئەو بەرپرسیارێتیانەی لە ئەستۆمان گرتوە، نیشانەی ئامانجی ژیانی هاوبەشمانە”.
ئۆجەلان ڕِایگەیاندوە، “کورد لە ڕێگەی یاساوە بەشداری کۆمار دەبێت و بە بەرفراوانترین بەشداریی کۆمەڵایەتی کۆمارێکی دیموکراتیک دادەمەزرێت. دەمەوێت بڵێم، خاوەن ئیرادە و بڕیارێکی بەهێزی پێشخستنی پرۆسەکەین”.
