قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، دیدارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچووە و تێیدا “هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کاری زیاتر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان” و لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند دەرگای هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان کراوەیە بەڕووی ئەمریکادا بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی و کلتووریدا.
سەبارەت بە هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، هەردوولا هاوڕابوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستانە و دەبێت کۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم سەلمێنەری ئەوەیە کە پێویستە ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمریکا بەردەوام و زیاتر بێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە جەختی کردەوە ئامادەن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
لەبارەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارتی پێشمەرگەشەوە، جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی هەنگاوەکانی چاکسازی بەوجۆرەی پلانی بۆ دانراوە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە و سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هاوکاریکردنی هەرێم لەمبارەیەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر بەردەوامی پرۆسەکە تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێکی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دوور لە هەرچەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەکی حیزبی.
