زۆربەی کات سوود و خاڵە ئەرێنییەکانی سیستمی بەرهەمهێنانی کارەبامان لە وزەی خۆر بیستووە، بەڵام ئهندازیار چالاک عەبدولکەریم لە پاڵ باسکردنی خاڵە ئەرێنییەکان، 15 کێشەی ئەو سیستمەش ڕوون دەکاتەوە:
سوودەکانی سیستمی سۆلار
- کارەبای پاک بەرهەمدەهێنێت و ڕێژەی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا کەمدەکاتەوە
- تەمەنی کارکردنی زۆرە، واتە دهتوانرێت بۆ ماوەیەکی درێژ سوودی لێوەربگیرێت
- دەتوانرێت ڕاستەوخۆ کارەبای ( DC) بدات بە ئامێری فێنککردنەوەی سپلیتی دی سی کە تایبەتە بە سیستمی وزەی خۆر، بەمەش گەرمی و ساردی پێویست بۆ ماڵ دابیندەکرێت بە تێچوویەکی گونجاو
- جگە لە بەرهەمهێنانی وزە، دەکرێت سوودی تریشی هەبێت وەک کەپر بۆ سێبەری گەراجی ئۆتۆمبێل یان وەک سەربانی هەندێک ژوور سوودی لێوەربگیرێت
- تێچووی کارکردنی زۆر کەمە بە بەراورد لەگەڵ کارکردنی موەلیدەی بەنزین یان دیزڵ
- دەتوانرێت لەهەر شوێنێکی دوور لە سەرچاوەی کارەبا دابمەزرێنرێت کە تیشکی خۆری لێبێت و گواستنەوەی کارێکی گران نییە بە بەراورد لەگەڵ محویلە و هێڵی کارەبا
- بێدەنگە و کێشەی ژاوەژاوی نییە وەک موەلیدەکانی دیزڵ و بەنزین
- بەردەوام تەکنهلۆژیای سیستمی سۆلەر لە پێشکەوتندایە و پێشبینی گەشەی زیاتری لێدەکرێت
کێشەکانی وزەی خۆر
- تێچووی سەرەتای دامەزراندنی زۆرە، باتریەکان گرانترینن و پاشان ئینڤێرتەر، بەڵام لهئێستادا نرخی پەنەڵەکان دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە
- تەنها لەکاتی بوونی تیشکی خۆر کارەبا دروستدەکات و لەشەودا پشت دەبەستێت بە وزەی هەڵگیراوی باتری
- ئەو ڕۆژانەی ئاسمان هەورە توانای پەنهڵەکان دادەبەزێت بۆ 10%، بۆ نمونە ئەگەر لە ڕۆژێکدا بەرزترین توانای سیستمەکە 10 ئهمپێر بدات، لە ڕۆژێکی هەوردا کەم دەبێتەوە بۆ نزیکەی 1 ئهمپێر
- چوستی پەنهڵەکان لە 20% کەمترە، بۆیە ڕووبەرێکی گەورەیان پێویستە
- چوستی ئینڤێرتەر 85% ــه بەڵام جۆرە باشەکان دەگاتە %95
- چوستی باترییەکان کەمە (لید ئاسید ~70% ، لیثیۆم ~90%)
- چارجەری باتری دوو جۆرە؛ ئەگەر چارج کۆنترۆڵەکە PWM بێت وزەی زۆر بەفیڕۆدەدات، بۆیە باشترین هەڵبژاردە جۆری MPPT ــە بەڵام نرخی گرانترە
- نیشتنی تۆز و خۆڵ لەسەر پەنهڵەکان توانای کەم دەکاتەوە، بۆیە پاککردنەوەی دەوری پێویستە
- لەکاتی لەکارکەوتن ریسایکلکردنی هەندێک پارچەی سیستمەکە ئاسان نییە
- نرخی باترییەکان زۆر بەرزە و تەمەنی کارکردنیان بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بۆ نمونە باتری لید ئەسید 3-7 ساڵە بەڵام باتری لیثیۆم 10-15 ساڵە
- باترییەکان نابێت هەموو تواناکەی لێوەربگیرێت بۆ ئەوەی تەمەنی کارکردنی دانەبەزێت، بۆ نمونە باتری Led acid پێویستە نزیکەی 50% ی وزەکەی لێوەربگیرێت، باتری لیثیۆم دەتوانرێت تا 90% ی لێوەربگیرێت، لەبەر ئەم هۆکارە ناچاردەبین بە کڕینی باتریەکی گەورەتر لە پێویستی خۆمان کە نرخەکەی گرانتر دەکەوێت
- ئینڤێرتەر لە پارچەی ئەلیکترۆنی پێکھاتووە کە بەرز و نزمی ڤوڵتیەی تۆڕی کارەبا و گەرمی زۆر زیانی پێدەگەیەنێت
- بەستنەوەی ئینڤێرتەری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا هۆکارە بۆ دروستبوونی کێشەی تەکنیکی بۆ تۆڕی نیشتمانی کە سەرئەنجام ناسەقامگیری تۆڕی کارەبای لێدەکەوێتەوە
- سیستمی خۆر هەستیارە بۆ کوالیتی پارچەکانی وەک: پەناڵ، ئینڤێرتەر، باتریی …
- لە بازاڕی ناوخۆ کوالیتی نزم زۆر بڵاوە، بۆیە گرنگە لە کوالیتی پارچەکان دڵنیا بین، چونکە سیستمی کوالیتی نزم زیانی لە سوودەکانی زیاتر دەبێت
سەرچاوە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی
