ترەمپ بە گەرمی سوپاسی سودانی دەکات بۆ كاندیدكردنی بۆ خەڵاتی نۆبڵ و : دوای بۆردومانەكەمان بۆ سەر ئێران، عێراق بوو بە دۆست و پەیامێك بە هەرێمی كوردستان دەدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، سەرمسوڕما لە بڕیارەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاندیدکردنم بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و جەختیشی کردەوە، کە چاوەڕوانی ئەو بڕیارەی لە عێراق نەدەکرد.
سەبارەت به دۆخی وڵات و پەیوەندی نێوان به غدا و واشنتۆن، ترەمپ دووپاتی کردەوه، که عێراق له ئەنجامی هێرشه موشەکییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، له ئەمریکا نزیکتربۆتەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقۆکێش بووە، بە تایبەتی عێراقی چەوساندووە، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وایکردووە عێراق “دۆستانەتر” بێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا.
دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر وتی، ئاگاداری ئەوەی ڕوویداوە و ئەو بابەتە لە سەرووی لیستی ئەولەویەتەکانیدایە، بەڵام وتی پرسیارەکە سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ عێراقە. ئەمە شتێکی نائاساییە و “لەمەودوا بیر لە پێدانی سیستمی دژە مووشەک بە هەرێمی کوردستان دەکەینەوە”.
