یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر پەیامێکی ڕوونی پابەندبوونی واشنتۆنە بە هەرێمی کوردستان و مێژووە هاوبەشەکەیان .جەختیش دەکاتەوە کە واشنتۆن دەیەوێت لایەنە کوردییەکان یەکگرتوو بن بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەرپرس لە بەغدا.
باربارا لیف، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک بۆ (کوردستان24) ڕایگەیان: کردنەوەی ئەو ناوچە دیپلۆماسییە نیشانەی بەهێزی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکایە، ئەمە پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە تەنیا باڵەخانە نییە، بەڵکوو بە هەماهەنگی هەموو لایەک ئەمریکا پەیوەندییەکانی فراوانتر دەکات.
دەشڵێت: ئەوە وەک پاڵپشتی ئەمریکا بۆ کورد، کە مێژوویەکی کۆنمان هەیە و چەندین بارودۆخی سەختمان بەیەکەوە تێپەڕاندووە و بەیەکەوە جەنگاوین، هەر بۆیە کردنەوەی ئەو کونسوڵخانەیە پابەندی ئەمەریکایە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
باسی لەوەش کرد، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە و پێشهاتەی نوێ لە ناوچەکە ڕووی داوە، لە وڵاتەکاندا نیگەرانی هەیە، بەڵام سەرکردایەتی و بڕیارەکانی کورد بۆ گفتوگۆی ئاشتییانە لە ناوچەکە، لای ئەمریکییەکان جێگای ڕەزامەندی بووە، ئەمەش وای کردووە واشنتۆن پشت بە کورد ببەستن، بەڵام دەیەوێت کورد لە ناوخۆدا یەکگرتوو بن.
ئاماژەشی دا، لەو باوەڕەم پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و واشنتۆن بەرەو باشتربوون دەڕوات، هەر وەک دەبینین شاندێکی باڵا بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەکە هاتوونەتە هەولێر، کە ئەمە ئاماژەیەکی زۆر باشە؛ هاوکات سەرکردەکانی کورد هەمیشە پابەندبوونی خۆیان بۆ پەیوەندییەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا و سەقامگیری دراوسێیەکانیان دووپات کردووەتەوە.
جەختیشی کردەوە، خواستنی واشنتۆن ئەوەیە حزبە کوردەکان هاوپەیمانییەک دروست بکەن بۆ ئەوەی لە بەغدا حکومەتێکی بەرپرس و بەرهەمدار پێکبهێنن.
وتیشی: پێم وایە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی، دەستتێوەردانی دەرەکی و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانە، هاوکات گەندەڵییەکی زۆر هەیە کە ئەو گرووپانە ئەنجامی دەدەن، بۆیە ئەمریکا دووپاتی کردووەتەوە دەبیت پرسی ئەو گرووپانە چارەسەر بکرێت و لە حکوومەتی داهاتوودا نەبێت.
باربارا لیف باسی لەوەشکرد، لە ماوە شەش ساڵی ڕابردوو چەندین جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە قوربانیشی لێکەوتووەتەوە، کە ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانە چەند جارێک بەرپرسیارێتی خۆیان پیشانداوە و زۆربەی کاتیش خۆیان دزیوەتەوە، کە ئەم هێرشانە بە تەواوی قبووڵ کراو نین و مەترسی لەسەر هاووڵاتییان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
دەشڵێت: دەبێت سەرکردەکانی عێراق ئازایانە بڕیار بدەن و جارێکی دیکە ڕێگە بە دووبارە بوونەوەی ئەو هێرشانە نەدەن و چەک لە دەستی ئەو گرووپانە دەربهێنن.
