ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبووەوە و نێردەی عێراقیش لە كۆبوونەوەكە ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و دەشڵێت: نیگەرانین لە هێرشەكانی سەر كۆرمۆر و دەبێت ڕابگیرێن.
محەمەد حەسان، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕایگەیاند، پێکهێنانی حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و چارەسەرکردنی پرسە دیار و پەیوەندیدارەکان، لەوانەش پرسی ناوچە جێناکۆکەکان.
ڕاشیگەیاندووە، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا هاوبەشییەکی گرنگە، کە پێویستی بە پێکەوە کارکردن و دیالۆگێکی زیاتر کراوەیە بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق، بۆیە داوا دەکەم حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و عێراق بە زووترین کات پێبێت، کە دەبێتە هۆی چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوانیان و باشتر کردنی پەیوەندییەکانیان.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە عێراق ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە، هەروەها زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی خەڵکی شنگال دوای 11 ساڵ هێشتا لە نێو کەمپەکاندا دەژین و لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بەشێکیان تاوەکوو ئێستا لە دەستی داعش ڕزگار نەکراون.
وتیشی، سەرەڕای ئەوە عێراق بەسەر ململانێیە ناوخۆییەکان سەرکەوتووە، بەڵام تاوەکوو ئێستا کێشەی ئەمنی و ئابووری بە تەواوی چارەسەر نەکراون.
جەختیشی كردۆتەوە، لە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی عێراق و بە تایبەت هێرشەکەسەر سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر نیگەرانە و دەبێت دەستبەجێ ئەو هێرشانە رابگیرێن و ئەو کەسانەی لە هێرشەکە بەرپرسیارن دەبێت بدرێنە دادگا.
دوای زیاتر لە ساڵێک گفتوگۆی دوور و درێژ و دوای ساڵێ كلە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، حکومەتێکی نوێی هەرێمی کوردستان هێشتا پێكنەهاتووە.
