ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، ڕێکەوتی ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی/ فەرمانگەی شەقامی ١٠٠مەتری، هەستا بە “کردنەوەی هەردوو سایدی سەرەکی شەقامی ١٠٠مەتری سلێمانی”.
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت: شەقامەکە لە ئاڕاستەی کەرکوک بەرەو ڕێگای قەرەداغ بەشێوەی ڕاستەوخۆیە و هەروەها سایدی ڕۆشتوو لە ڕێگای قەرەداغ بۆ تاسڵوجە، بەهۆی تەواو نەبوونی پردی تاسڵوجەوە دەخرێتەوە سەر ڕێگای سلێمانی- کەرکوک.
ڕاشیگەیاندووە، هەرچەندە کاتی کردنەوەی تەواوی شەقامی ١٠٠مەتری بە فەرمی دەکەوێتە مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتوو، بەڵام بەهۆی داواکاری زۆری هاووڵاتییان و بەمەبەستی کەمکردنەوەی لۆدی ترافیک و قەرەباڵغی شەقامەکە بەتایبەت بۆ بارهەڵگرەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانی ئەم بڕیارەی دا.
جەختیشی كردۆتەوە کارکردن و جێبەجێکردنی بڕگەکانی تری پڕۆژەکە لە سەرجەم سێکتەر و قۆناغەکانی تری شەقامەکە بەسەرپەرشتیی فەرمانگەی شەقامی ١٠٠مەتری و لە لایەن کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامی دەبێت تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم بڕگەکان و کردنەوەی بەفەرمی.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت: “داواکارین لە هاووڵاتییانی خۆشەویست پابەندی رێنماییەکان و خێرای شەقامەکە بن”.





