spot_imgspot_img

پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست بە مامۆستایانی هەرێم ڕاگەیەنرا

 

پێدانی ئۆتۆمبێل بەشێوازی قیست بەمامۆستایانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و بەرپرسێكی یەكێتیی مامۆستایانیش دەڵێت: لەڕێگەی كارتی هەژماری من-ەوە ئۆتۆمبێل دەدرێت بە مامۆستایان.

ئاودێر حەننا، ئەندامی مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاندووە، ئۆفەرێك هەیە بۆ مامۆستایان تاوەكو لە رێگەی كارتی بانكی (هەژماری من) ئۆتۆمبێل بدرێتە مامۆستایان و كۆمپانیای جیلی (GEELY) بۆ ئۆتۆمبێل، لە ئۆفەرەكەیان لە رێگەی ئێمە بۆ مامۆستایانی هەرێمی كوردستان كردووە.”

وتیشی: مەرجی سەرەكی ئەوەیە كەسەكە مامۆستا بێت و پشتگیریی لە یەكێتیی مامۆستایان بۆ بكرێت و كارتی بانكی (هەژماری من) لە بانكی جیهان هەبێت و دوو كەفیلی هەبێت لە كەرتی تایبەت و كەرتی حكوومی، دەكرێت هەردووكیش حكومی بن و مووچە دیاری نەكراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، مامۆستایان دەتوانن دووجۆر ئۆتۆمبێل رابكێشن كە نرخەكانیان لەنێوان 22 ملیۆن و 500 هەزار دینار هەروەها 19 ملیۆن و 600 هەزار دینارە و پێشەكی 5 ملیۆن دەدەن و بڕەكەی دیكەش دابەشی سەر پێنج ساڵ دەكرێت، واتا قیستەكان لە ماوەی پێنج ساڵ دەدرێنەوە.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی مامۆستایان دەشڵێت: بۆ خەڵكی ئاسایی 10% زیادەی بانكی وەردەگیرێت، بەڵام داشكان بۆ مامۆستایان كراوە و رێژەكە كراوەتە 8% و ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەش بەخۆڕاییە.

ئاودێر حەننا، ئاماژەی بەوەكرد: “ئێمە هەوڵمان دا كەفیل لابدرێت، ئەوە نەكرا، بەڵام سەرجەم ئەندامانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەتوانن، ئەوانەی لە بانكی جیهان مووچەكانیان وەردەگرن، سوودمەند بن لەم ئۆفەرە هەروەها مامۆستایانی گرێبەستیش دەتوانن سوودمەند بن.”

سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستپێكردنی مامەڵەكە، وتی: “سەرەتا مامۆستاكە سەردانی ئێمە دەكات و پشتگیری پێ دەدەین و دەچێتە كۆمپانیا و مامەڵەكانی بۆ دەكرێت و گرێبەستی بۆ دەكرێت و ئۆتۆمبێلەكەی پێ دەدرێت، ئێستا ئۆفەرەكە دەستی پێكردووە و مامۆستایان دەتوانن سەردانمان بكەن.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە