فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى ڕایگەیاند، لە هەوڵى بەردەوامدایە بۆ فراوانکردنى گەشتە ئاسمانییەکانی و کردنەوەی هێڵی گەشتی سلێمانی بۆ شاری کرماشان و دورگەی کیش.
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێباز محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتى فڕۆکەخانەی سلێمانی بەوەکالەت، پێشوازى لە فەریبوز عەزیزى، نوێنەرى فڕۆکەخانەى کرماشانى نێودەوڵەتى و خاوەنى کۆمپانیاى میدیا سیرى کوژینی ئێرانی و عەتا ئەنوەر، سەرۆکى لقی سلێمانی یەکێتى کۆمپانیاکانى فڕۆکەوانى و گەشتیارى کرد.
فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانى شاندەکە داوای هاوکارىکردنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بوو بۆ کردنەوەى هێڵێکى نوێى گەشتیارى لە نێوان سلێمانی بۆ شاری کرماشان و دورگەی کیش و بە پێچەوانەشەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەڕێوەبەری بەوەکالەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی پشتیوانى خۆى و فڕۆکەخانەى بۆ شاندنى میوان دەربڕى بەمەبەستى کارئاسانىکردن و هاوکاریکردنیان لە ئامادەکارى بۆ دەستپێکردنی ئەو گەشتانە.
