سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاماژەدان بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕایگەیاند، ئەم هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد کە پێکهاتبوو لە ماسامیچی سوگایا بەرپرسی دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و ئاکیارا ئیندۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و چەند دیپلۆماتکارێکی دیکەی ئەو وڵاتە.
بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، “لە دیدارەکەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەرکەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگیان لە سەرۆک بارزانی کرد و بە نیشانەیەکی ڕوونیان لە پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو خەڵک هەژمار کرد”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە شاندەکە “ستایشی ئەو بووژانەوە و پێشکەوتنەیان کرد کە لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئارا و بە هۆکارێکی گرنگیان لەقەڵەم دا بۆ گەشەسەندنی وەبەرهێنانی بیانی، و ئامادەیی وڵاتەکەشیان ڕاگەیاند بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بواری جۆراوجۆر لەگەڵ هەرێمی کوردستان”.
شاندی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن نیگەرانیی خۆیان بۆ هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر نیشاندا و وێڕای ئیدانەکردنی ڕایانگەیاند کە ئەم هێرشانە دژی سەقامگیریی وزە و ئابووریی عێراق و ناوچەکەیە.
هەر لەو دیدارەدا مەسعود بارزانی لەگەڵ ئاماژەدان بە هۆکارەکانی پشت هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە هێرش و هەڕەشانە کاروانی پێشکەوتنی هەرێم ناوەستێنن.
