زیاتر لە 100 گەڵابە خۆڵ و پاشماوە و قەرەم و قەوزە لە سەرچاوەی ئاوی بێستانسووری سنووری شارەزوور دەرکرا و پاککرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕایگەیاند، سەرچاوەی سەرەکی پڕۆژەی ئاوی بێستانسوور، لەلایەن کارمەندان و فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور و پڕۆژەکە و بە هاوکاری ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەت پاککرایەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە پاککردنەوەی سەرچاوەکە گرنگییەکی گەورەی هەیە لە زیاتر بایەخدان بە سێکتەری ئاو و دابینکردنی ئاوێکی خاوێن بۆ سوودمەندبووانی پڕۆژەکە.
ئەوەشی خستەڕوو کە لەو هەڵمەتەدا توانرا زیاتر لە 100 گەڵابە خۆڵ و پاشماوە و قەرەم و قەوزە فڕێ بدرێتە دەرەوەی سنووری پڕۆژەکە .
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەری سلێمانی ڕاشیگەیاند پڕۆژەی بێستانسوور ئاو بۆ شارۆچکەی شارەزوور و هەردوو شارەدێی زەڕایەن و عەربەت و ئاوارەکانی ڕۆژهەڵات و گوندی بێستانسوور دابین دەکات و زیاتر لە 220 هەزار هاووڵاتی ێی سوودمەند دەبن.




