spot_imgspot_img

سامسونگ مۆبایلی زیرەکی سێ قەدکراوی بەرهەمدەهێنێت

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمپانیای سامسونگ یەکەم مۆبایلی زیرەکی سێ-قاتکراوی خۆی نمایش کرد، وەک هەوڵێک بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە کەرتی مۆبایلە زیرەکەکاندا کە پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا کێبڕکێی تێدا زیاتر بێت.

نمایشکردنی مۆبایلی Galaxy Z Tri-Fold هەنگاوێکە لەلایەن سامسۆنگەوە بۆ چەسپاندنی بوونی لەو بوارەی کە کۆمپانیا چینییەکان پێشکەوتنی بەرچاویان تێدا بەدەست هێناوە. سەرەڕای ئەوەش، شارەزایان پێیان وایە کە بەهۆی گرانبوونی نرخ و ئەو ئاستەنگانەی پەیوەستن بە پرۆسەکانی بەرهەمهێنانەوە، ئامێرە قەدکراوەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو نابنەوە.

نرخی مۆبایلەکە نزیکەی  2440 دۆلارە و دەکرێت بکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە شاشەیەکی پێوانەی 253.1 ملیمەتر (10 ئینج) کە لە سێ پانێڵ پێکدێت. ئەمە نزیکەی 25% گەورەترە بە بەراورد لەگەڵ نوێترین مۆبایلە قەدکراوەکەی سامسۆنگ، Galaxy Z Fold 7.

ئەلێکس لیم، جێگری سەرۆکی جێبەجێکار و سەرۆکی نووسینگەی فرۆشتن و بازاڕگەری لە کۆمپانیای سامسۆنگ، ڕایگەیاند: “پێموایە بازاڕی ئامێرە قەدکراوەکان بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن، بە تایبەتی ئامێری Tri-Fold دەتوانێت هاندەرێک بێت بۆ گەشەکردنی گەورەتر لە بەشە سەرەکییەکانی ئەم کەرتەدا.”

مۆدێلی Tri-Fold، کە لە کۆریای باشوور بەرهەم هێنراوە، لە 12ی کانوونی یەکەمی داهاتوو لە بازاڕی ناوخۆیی بەردەست دەبێت و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ لە چین و سەنگافورە و تایوان و ئیمارات بڵاوبکرێتەوە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە