spot_imgspot_img

حاكم قادر: هەمووان خەریکی کاری هاوبەش و لێک نزیکبوونەوەن، تەنها لایەنە کوردستانیەکان نەبێت

حاکم قادر حەمەجان ڕایگەیاند دۆخی ناوچەکە هەستیارە و هەمووان خەریکی کاری هاوبەش و لێک نزیکبوونەوەن، تەنها هێزە کوردستانیەکان نەبێت كە خەریكی تەخوین و شكاندنی پەنجەكانی یەكترن

‌‎لە میانی بەشداریکردنی لە سیمینارێکدا کە بۆ ژمارەیەک مافپەروەر و یاساناس و خوێندكارانی بەشی یاسا ڕێکخرابوو، حاکم قادر حەمەجان، جەختی لە سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەری یاسا و چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی كردەووەو ڕایگەیاند، “سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری كۆڵەكەیەكی پتەو بنەڕەتی و بەھێزی سیستەمی سیاسی ھەر كۆمەڵگەیەكی شارستانییە، كە لەسەر بنەمای دیموكراسی گوزەربكات، ھەر بۆیە دەستوەردان لەو دامەزراوە پڕ بایەخ و گرنگەدا دوركەتنەوەیە لە بەھاكانی سەروەری یـاسا و ئەوەش دەبێتە هۆی تێکچوونی سەرجەم شیرازەکان.
وتیشی، ھەڵە بە ھەڵە چارەسەر ناكرێت و كێشە و گرفتەكانیش پێویستی بە كارو كاردانەوە نیە، بۆیە لە جیاتی تەخوینكردن و شكاندنی پەنجەكانی یەكتر، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسیە كوردییەكان كێشەكانیان بە دانیشتن و گفتوگۆ و دیالۆك چارەسەربكەن و بە پاکێجێکی ستراتیجی نیشتمانی هاوبەش بچنە بەغدا لەپێناو داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و مافە دەستوریەكانمان.
‌‎ھێمای بۆ ئەوەشكرد، ناكرێت شیعە و سونە ھەریەكەیان بەجیا خۆیان لە چوارچێوەیەکی ھاوبەشدا ڕێکخستوە، بەڵام حزب و لایەنە كوردستانیەكان ھەر یەكەیان بەجیا بچێنە بەغدا و ناكۆكیەكانیان پێشانی لایەنە عێراقیەكان و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بدەن، كە ئەوەش ھەڵەیەكی كوشندەیە و دورماندەخاتەوە لە بەدەستھێنانی مافە ڕەواكانی نەتەوەكەمان، بۆیە پێویستە لەم قۆناغەدا ناكۆكی و ململانێكانمان وەلابنێین و بە یەكڕیزی و یەكگرتوی و بە پەیامێكی سیاسی نیشتمانی ھاوبەش بچینە بەغدا و داكۆكیكاری مافە دەستوریەکان و مادەی سەد و چل و شایستە داراییەكانی ھاونیشتیمانیان بین.

لە كۆتایی سیمینارەكەشدا باسیلەوەكرد، كە پێویستە پەلەبكرێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و دروستكردنی كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێم، چونكە دواكەوتنی كاریگەری نەرێنی دەبێت و زیان بە دۆزی ڕەوای نەتەوەكەمان دەگەیەنێت، جەختیشی کردەوە پێویستە بۆ چارەسەری بنچینەیی قەیرانەکانی هەرێم پێویستە دەستوورێکی مۆدێرنی ڕێزلێگیراومان هەبێت و پەرلەمان دەستوورێک بۆ هەرێم بنوسێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە