شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و بەفر ڕوو لە کوردستان دەکات، و شارەزایەکی کەشناسی جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە کە ئامادەبن بۆ شەپۆلەکە.
زەکەریا کانی پاشایی، شارەزای کەشناسی، پێشبینی دەکات کە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا شەپۆلێکی زۆر باشی باران و بەفر ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات، و بە درێژایی هەفتەکە ڕێژەیەکی زۆر دڵخۆشکەر لە باران دەبارێت.
کانی پاشایی ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتوودا بارانبارین دەست پێدەکات و ڕێژەکەی زۆر باشە لەسەرتاسەری کوردستان بەگشتی بێ جیاوازی.
بەپێی پێشبینی زەکەریا، پێشبینی دەکرێت ڕێژەی بارانبارین لە زۆرێک لە ناوچەکاندا جیاواز بێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زۆر بەرز دەبێت، بەجۆرێک هەندێک ناوچە تا 55 ملم باران دەبارێت، و هەندێک شوێنی دیکە، بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان، تا 230 ملم باران دەبارێت.
ئەم پێشبینییە ئەوە دەردەخات کە “لە هەفتەی داهاتوو (لە 6ی کانوونی یەکەم تا 13ی کانوونی یەکەم) لە ماوەی ئەو حەوت ڕۆژەدا، ئەوەندەی ساڵی پار باران دەبارێت لە ناوچەکانمان، کە ئەمەش واتای دڵخۆشییە.”
لەبارەی ناوچە شاخاوییەکانەوە، پێشبینی دەکرێت بەفرێکی باش ببارێت و “سەرما و سۆڵە دەست پێ دەکات.” هەروەها جەختی کردەوە کە شەپۆلەکانی ئێستا جێگیرن و ڕێژەی بارانبارینەکە زۆر دڵخۆشکەرە.
کانی پاشایی داوای لە جووتیاران کرد کە خۆیان ئامادە بکەن، و لە سبەینێوە دەست بکەن بە چاندنی تۆو، چونکە ئەم شەپۆلە بارانبارینێکی گشتی و سەرتاسەری دەبێت بە پشت بەستن بە نەخشە جیهانییەکانی پێشبینیی کەشوهەوا.
