spot_imgspot_img

87 حاڵەتی نوێی هەڵگری ڤایرۆسی ئایدز لە هەرێم تۆمار کراوە

وەزارەتی تەندروستی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئەیدزەوە، تەنها 23 هاووڵاتیی هەرێم لەمساڵدا تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

بە بۆنەی یەکی کانوونی یەکەمی (دیسێمبەر) کە ڕۆژی جیهانیی ئەیدزە، بە دروشمی “زاڵبوون بەسەر تووشبوون، گۆڕانکاریە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەیدز”، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و نوێترین ئاماری پشکنینەکانی خستەڕوو، هاوکات داوای پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی کرد. 

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، لە ماوەی یازدە مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا (2025)، تەنها لە کەرتی گشتی، نزیکەی 609,306 (شەشسەد و نۆ هەزار و سێسەد و شەش) پشکنینی تاقیگەیی خوێن بۆ دۆزینەوەی ڤایرۆسی HIV ئەنجام دراوە.

لە دەرەنجامی ئەم پشکنینە بەربڵاوانەدا، تەنها 87 حاڵەتی نوێی هەڵگری ڤایرۆسەکە دەستنیشان کراوە، کە دابەش دەبێت بەسەر دوو لایەن دا.

64 حاڵەتی بیانین: هاووڵاتی و دانیشتووی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، و 23 حاڵەتی هاووڵاتیی هەرێمن، دانیشتوو و هاووڵاتیی ناو هەرێمی کوردستانن.

ئاماژە بەوەشکرا، ژمارەی کۆی گشتیی حاڵەتەکانی هەڵگری ڤایرۆسی HIV لە هەرێمی کوردستان (کۆی هەموو ساڵەکان) تەنها 150 حاڵەتە، کە بەردەوام لەژێر چاودێریی تەندروستی و چارەسەردان.

لە بەشێکی پەیامەکەدا، وەزارەتی تەندروستی باسی لەوە کرد، هەرچەندە ئەیدز چارەسەری بنبڕکەری نییە، بەڵام دەرمانی دژەڤایرۆسی زۆر کاریگەر هەن کە دەتوانن نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و دەرفەت بە تووشبوو بدەن ژیانێکی ئاسایی بژیت.

“بەکارهێنانی دەرمان ڕێژەی مردنی 56% کەم کردۆتەوە و هۆکاری کەمبوونەوەی لە 40%ی تووشبووی نوێیە، چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشگیری و خۆپارێزی لە نەخۆشیی ئەیدز.”

وەزارەت خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، کە بە بەراورد بە وڵاتانی جیهان، هەرێمی کوردستان کەمترین تووشبووی ئەم ڤایرۆسەی تێدا تۆمار کراوە، کە هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ “پابەندبوون بە بەها کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئایینی و پتەویی بەرنامەکانی پەتازانی لە هەرێمی کوردستان.”

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزارەتی تەندروستی داوای لە هاووڵاتییان کرد، بەردەوام و ساڵانە ئەنجامدانی خۆویستانەی پشکنینی ڤایرۆسی ئەیدز بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی بکەن، هاوکات دوورکەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەکان، وەک کاری سێکسی لە دەرەوەی ژیانی هاوسەری، تاتۆکردن، و بەکارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەکارهاتوو.

وەزارەت جەختی لەوە کردەوە کە “هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئەیدز و ئاشنابوون بە ڕێگاکانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی، بەهێزترین چەکی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی ئەم نەخۆشییەیە.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە