ئێران هێرش بۆ سەر کێڵگە گازییەکانی هەرێم شەرمەزار دەکا و گومان لە ئیسرائیل دەکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە توندی هەر هێرشێک بۆ سەر کێڵگە گازییەکانی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکات، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک لایەن، لەنێویاندا ئیسرائیل، هەوڵی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە دەدەن.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، جەختی لەوە کردەوە کە “ئێران بە تەواوی ئیدانەی هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوەکانی غاز لە هەرێمی کوردستان دەکات.”
بەقائی ئەوەشی خستەڕوو، کە “هەندێک لایەن بە ئیسرائیلیشەوە درێغی ناکەن لە بەکارهێنانی هیچ بیانوو و ئامرازێک بۆ هاندانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.”
ئاماژەی بەوەشکرد، کە وڵاتەکەی پشتیوانی لە هەموو ئەو دەستپێشخەرییانە دەکات کە ئامانجیان هاوکاری لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لە سنوورەکاندا.
جێگەی ئاماژەیە، شەوی 26ـی مانگی ڕابردوو لە ڕێگەی مووشەکەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان.
