بەرپرسێكی تۆماری بایۆمەتری ئاشكرای دەكات، ئەو خانەنشین و مووچەخۆرانەی مووچەیان ڕاگیراوە، بە یەك هەنگاو مووچەكانیان خەرج دەكرێت. دەشڵێت: “دوای تۆماركردنیان لە (هەژماری من)، ئێمە فۆڕمێكیان پێ دەدەین و مووچەیان خەرج دەكرێت”.
ژیار ئەكرەم، سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتریی هەولێر، میدیای پارتی ڕاگەیاند: “ئەو خانەنشینانەی لە (هەژماری من) تۆمار نەكراون و فۆڕمیان پڕ نەكردووەتەوە، لەو لیستەی لە لایەن فەرمانگەی خانەنشین بۆ بانكەكان نێردراوە ئاماژە بە راگرتنی مووچەكانیان كراوە”.
ئاماژەی بەوەش دا: “لای ئێمە لە بانك مامەڵەی (هەژماری من) دەكەن و فۆڕمێك پڕ دەكەنەوە و مووچەكەشیان وەردەگرن”.
سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتری هەولێر باسی لەوەشکرد: “ئەوانەی فۆڕمەكە پڕ دەكەنەوە، دەبێت كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری و ناسنامەی خانەنشینی بهێنن و پێكەوە كۆپییان بكەن، لەگەڵ وێنەیەكی خۆیان، ئەوكات تۆمار دەكرێن”.
روونیشی كردەوە: “كاتێک ئەو مامەڵەیە تەواو بوو، ئێمە فۆڕمێكیان پێ دەدەین و هەر ئەوكات دەچن مووچەی خۆیان وەردەگرن و كێشەیان نابێت”.
ژیار ئەكرەم، داوای لەو مووچەخۆرانە كرد، بەزووترین كات پەیوەندیی بە بنكەكانی بایۆمەترییەوە بكەن، دەنا مووچەیان بۆ خەرج ناكرێت، وتیشی: “ئێمە دەمانەوێت كێشەكانیان چارەسەر بكرێت و حەز ناكەین مووچەی كەس رابگیرێت”.
بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دارایی، سەرجەم ئەو خانەنشین و میراتگرانەی تا ئێستا فۆڕمی (هەژماری من)یان پڕ نەکردووەتەوە، مووچەکانیان ڕادەگیرێت و جەختیش كراوەتەوە، ئەو خانەنشینانەی کە کارتی بانکەکانیان تەواو بووە، سەردانی بانکەکان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، چونکە مووچەی مانگی 10یان لە ڕێگای پرۆژەی (هەژماری من)ەوە بۆ خەرج دەکرێت.
سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتریی هەولێر جەختی كردەوە، خانەنشینان و كەسوكاری شەهیدان و فەرمانبەرانیش كە ماون و تۆمار نەكراون، بە ئاسانترین شێوە تۆمار دەكرێن.
بۆ مووچەی مانگی نۆ 600 هەزار مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشین و کەسوکاری شەهیدان، مووچەکانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن و زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆریش خۆیان لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار کردووە.
