spot_imgspot_img

فیدان و عێراقچی باسی چیان کرد؟

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی عەباس عێراقچی لەسەر ئەوە هاوڕان کە ئیسرائیل کێشەی هەرە سەرەکی ئاسایشی ناوچەکەیە و لە بەرامبەریشدا، عێراقچی وتی، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و لوبنان دەریدەخات کە ئیسرائیل بۆ ئاڵۆزکردنی ناوچەکە پلانی زیاتری هەیە.

لەسەردانێکیدا بۆ ئێران، هاکان فیدان لە تاران لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی پێشوازی لێکرا.

دواتر هەردوو وەزیر لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا قسەیان بۆ میدیاکان کرد.

لەسەرەتادا وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وێڕای ئاماژەدان بە خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران وتی: “هەستمان کرد کە زۆر کار هەیە کە پێویستە ئەنجام بدرێت، پێویستە دەروازە سنوورییەکان زیاتر بکەین و زۆرتر چالاک بین”.

فیدان ڕاشیگەیاند، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئێرانین لە وان.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە پرسی کۆچبەری نایاسایی کرد و گوتی، یەکێک لەو بابەتە گرنگانەیە کە پێویستە لەگەڵ ئێران هەماهەنگ بین.

لەبارەی مژاری ئیسرائیلیش، هاکان فیدان وتی، ئەوەی کە ئیسرائیل کێشەی هەرە سەرەکی ئاسایشی ناوچەکەیە، هاوڕاین.

لە کۆتاییدا لەبارەی دانوستان لەبارەی پڕۆگرامی ناوەکی ئێران، وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان وتی: “پێم ڕاگەیاندن کە هەموو کاتێک تورکیا لە پاڵ ئێوەدایە، وەک تورکیا ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ ئەنجامدانی ئامادەین”.

عێراقچیش وێرای ئاماژەدان بە گرنگی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی دەرگایەکی سنووری دیکە لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند.

لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و لوبنان، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: “ئەوە دەریدەخات کە ئیسرائیل بۆ ئاڵۆزکردنی ناوچەکە پلانی زیاتری هەیە”.

سەبارەت بە پرسی سووریاش، عێراقچی وتی: “سەقامگیری و ئارامی سووریا بەندە بە پاراستنی یەکپارچەیی ئەو وڵاتە و گەورەترین هەڕەشەش بۆ سەر سووریا، لە لایەن ئیسرائیلەوەیە”.

لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی وتی، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی دەکەین لە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە