وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی یەکشەممە ٣٠ – ١١- ٢٠٢٥، ڕایگەیاند کە دووبارە هەناردەی گازی ئێرانی بە بڕی ٥ ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا دەستیپێکردووەتەوە دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە.
ئەحمەد مووسا، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە بەیاننامەیەکددا ئاماژەی بەوەدا، “دوای کۆتاییهاتنی کارەکانی نۆژەنکردنەوە، هەناردەی گازی ئێرانی بە بڕی (پێنج ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا) دەستیپێکردووەتەوە.”
وتیشی: “وەزارەتەکەمان توانای کارکردنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی گەڕاندووەتەوە کە بەهۆی کەمی گازەوە کاریگەرییان لەسەر بوو لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای بەسمايه و مەنسووریە.”
ڕوونیشیکردەوە کە “چاککردنەوەی زیانەکان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر و دووبارە کارپێکردنەوەی، یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی نزیکەی (700 مێگاوات) کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی لە ئێستادا لە وزەی کڕدراو لە وێستگە وەبەرهێنانییەکانی هەرێمی کوردستان.”
وتیشی: “هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ کارەبای هەرێمدا هەیە بۆ گەڕاندنەوەی گرێبەستەکانی کڕینی وزە وەک ئەوەی پێشتر هەبوو.”
