spot_imgspot_img

وەزیری ڕۆشنبیری پەیامێک ئاڕاستەی ڕۆشنبیران دەکات

وەزیری ڕۆشنبیری پەیامێک ئاراستەی ڕۆشنبیران دەکات: پڕۆژەیاسای “سیاسەتی کولتووری” پێویستی بە پێشنیازتانە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2025)، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا لە چوارچێوەی کارەکانی دووەم ڕۆژی یەکەم دیداری زانستیی “سیاسەتی کولتووری”، پەیامێکی گرنگی ئاراستەی ڕۆشنبیران، نووسەران، ئەکادیمییەکان، و ناوەندە کولتوورییەکان کرد.

وەزیری ڕۆشنبیری ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان چاوەڕوانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای سیاسەتی کولتووری لە هەرێمی کوردستان بخرێتە کارنامەی کاری پەرلەمانەوە و بکرێتە یاسا.

حەمەی حەمەسەعید جەختی لەوە کردەوە، کە پڕۆژەیاساکە هێشتا لە قۆناغی داڕشتنەوەدایە و “پێویستیی بە ڕا، شارەزایی، ئەزموون، و پێشنیازی دڵسۆزان و خەمخۆرانی سیاسەتی کولتوورییە لە کوردستاندا بۆ ئەوەی کامڵ بکرێت.”

وەزیری ڕۆشنبیری، بانگەوازی لە هەر کەس و ناوەندێکی کولتووری و زانستیی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان کرد، کە هەر پێشنیاز و بۆچوونێکیان هەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆژەکە، بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی بنێرن.

وەزیری ڕۆشنبیری ئاماژەی بەوەشدا، کە لیژنەیەکی تایبەتمەند لە وەزارەتدا لە ئەرکدایە بۆ داڕشتنی پڕۆژەی سیاسەتی کولتووری، و هەر پێشنیاز و ڕاسپاردەیەک بگاتە وەزارەت، دەخرێتە بەردەستی ئەو لیژنەیە بۆ لەبەرچاوگرتن و جێکردنەوەی لە پڕۆژەکەدا.

جێی ئاماژەیە، کاری سەرەتایی لەسەر پڕۆژەی سیاسەتی کولتووری لە کۆتایی کابینەی هەشتەمدا دەستیپێکردبوو، و لە کابینەی نۆیەمدا، وەزیری ڕۆشنبیری لیژنەیەکی تایبەتمەندی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی کارەکانی، بەڵام بەهۆی کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستانەوە، تا ئێستا نەتوانراوە پڕۆژەکە لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

شایەنی باسە، یەکەم دیداری زانستیی سیاسەتی کولتووری دوێنێ شەممە (29ـی تشرینی دووەمی 2025)، بە چاودێری و ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد و ئەمڕۆ بە وتارەکەی وەزیری ڕۆشنبیری کۆتایی بە کارەکانی هێنا. بڕیارە ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکە کاریان لەسەر بکرێت بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی ناوەڕۆکی پڕۆژەکە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە