ئەنەکەسە ڕایدەگەیەنێت، ئەو گردبوونەوانەی ئەحمەد شەرع داوای کرد دژایەتی کورد و پێکهاتەکانی سوریابوو، دەبێت حکومەتی کاتیی وڵاتەکە هەڵوێستیان لەبارەی هەبێت.
ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕِایگەیاند، ئەو گردبونەوانەی ئەحمەد شەرع داوای کردبوو، وتاری دنەدان و ڕەگەزپەرستانەیان تێدا وترایەوە دژی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، ئەوەش دژی پیکەوەییە.
ئەنەکەسە داوای لە حکومەتی کاتیی سووریا کردوە “هەڵوێستێکی ڕوون و ئاشکرای هەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی وتارە ڕەگەزپەرستانە و دژە پێکەوەییەکان”.
جەختیکردوەتەوە، رێگەی سەقامگیریی بە دانپێدانانی ڕاشکاوانە دەستپێدەکات بەوەی سووریا دەوڵەتێکی فرەنەتەوەیی و فرەئایینی و تائیفەی جۆراوجۆرە و دەبێت دەستوورەکەی مافەکانی هەمووان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردیشەوە لە چوارچێوەی وڵاتەکە دەستەبەر بکات.
ئەنەکەسە پابەندبونی خۆی بە کارکردن لەپێناو سووریایەکی “لامەركەزی و دیموکراسیی و فرەیی” دووپات کردوەتەوە، کە شكۆی هەموو هاووڵاتییانی تێدا پارێزراوبێت و ڕێز هەمووان بگرێت بەبێ یەکترسڕینەوەی ئەوانی دیکە.
ئەوە لەكاتێكدایە، كە لە کاتی ئاڵۆزییەکانی نێوان عەلەوییەکان و حکومەتی وڵاتەکەدا، ئەحمەد شەرع لەڕێگەی پەیامێکی ڤیدیۆییەوە داوای لە لایەنگرانی کرد بڕژێنە سەر شەقام و پارێزگاریی لە یەکیەتی و یەکپارچەی وڵاتەکە بکەن.
