لەگەڵ دابەزینی زیاتری پلەكانی گەرما و دەستپێكردنی كەشێكی سارد و سستی لەدابەشكردنی نەوتی حكومی، كە هێشتا نەگەیشتۆتە ناو شارەكان، نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی ماڵان بەرزبۆوە بۆ نزیكەی ١٩٠ هەزار دینار.
مەروان سەباح، لەگۆڕەپانی فرۆشتنی سووتەمەنی هەولێر بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، تا لەوەرزی سەرما نزیكتر دەبینەوە نرخی نەوتی سپی ماڵان بەرزتر دەبێتەوە و بەراورد بەساڵی ڕابردووش ئەمساڵ نرخەكەی بەرزترە.
دەشڵێت، ساڵی ڕابردوو نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە نزیكە ١٦٥ هەزار دینار، بەڵام ئەمساڵ تا نزیكەی ١٩٠ هەزار دینار بەرزبۆتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دابەشكردنی نەوت كاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەكات، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی نەوتی دابەشكراو كاریگەرییەكەی كەمتر دەبێت لەسەر نەوتی بازاڕ، بەتایبەت ئیستا بەهۆی دۆخی كارەباوە هاووڵاتیان زیاتر نەوت بەكاردێنن و تائێستاش لەهەموو شوێنەكان نەوت دابەش نەكراوە.
ماوەی دوو مانگە دابەشكردنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێكردووە، كە 200 لیتر بە 104 هەزار دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان، بەلام تا ئێستا دابەشكردنەكە نەگەیشتۆتە ناو شارەكان لەكاتێكدا سبەینێ دەچینە ناو مانگی 12 و كەشی ساردیش تا دێت زیاتر دەبێت و هاووڵاتیان بەرەو وەرزی زستان دەڕۆن.
