spot_imgspot_img

یەکەم حاڵەتی ڤایرۆسی “زمانە شینە” تۆمار کرا

ئیرلەندای باکوور، لێکۆڵینەوە لە یەکەم حاڵەتی گومانلێکراوی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی “زمانە شینە” لەنێو ئاژەڵەكاندا دەكات كە نەخۆشییەکی ئاژەڵییە و تووشی ماڵات دەبێت و لەڕێگەی “مێشوولەوە” دەگوازرێتەوە، بەڵام ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی (PA Media)ی بەریتانی، پێدەچێت بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی “زمانە شینە” لەنێو ئاژەڵەكاندا، زیانی بە دوو مانگا لە نزیک شاری “بانگۆر” لە ڕۆژهەڵاتی ئیرلەندای باكور گەیاندبێت.

ڕۆژی شەممە، وەزارەتی کشتوکاڵ و ژینگە و کاروباری گوندنشینەکان ڕایگەیاندبوو، کە ناوچەیەکی کۆنترۆڵی کاتییان بە ڕووبەری 20 کیلۆمەتر دیاری کردوە و ئێستا گواستنەوەی ئەو جۆرە ئاژەڵانەی هەستیارن بۆ ناوەوە یان دەرەوەی ناوچەکە قەدەغەیە.

ئەندرۆ موێر، وەزیری کشتوکاڵی ئیرلەندای باکوور ڕایگەیاند، هەموو ئەو بەرهەمهێنەرانەی کە بەهۆی ڕێکارە نوێیەکانی کۆنترۆڵکردنەوە زیانیان بەرکەوتووە، پێویستە هاوکار بن لە سنوردارکردنی ڤایرۆسەکەدا.

“زمانە شینە” نەخۆشییەکی ئاژەڵییە و توشی ماڵات دەبێت، لەوانە مانگا و مەڕ، هەروەها بزن و ئاسکیش. نیشانەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە، ئاوسانی زمان و شین بوونەوەی، تا (پلەی گەرمی بەرز)، کەمبونەوەی بەرهەمی شیر و لە حاڵەتە توندەکانیشدا دەبێتە هۆی مردن.

تا ئێستا چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە، هەرچەندە بە دژە بەكتریا دەكوترێن.

نەخۆشییەکە کاریگەری لەسەر مرۆڤ و سەلامەتیی خۆراک نییە و بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی مێشولەوە دەگوازرێتەوە.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە