پەکەکە بەفەرمی بڕیاریدا هیچ هەنگاوێکی دیکە بۆ پرۆسەی ئاشتی نەنێت تا داواکارییەکانی جێبەجێ دەکرێت و دەڵێت”داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەین”.
ئامەد مەلازغرت، یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئەمڕۆ یەکشەممە (30ی تشرینی دووەمی 2025)، جەختی لەوە کردەوە کە حیزبەکەی “هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێت” لە پرۆسەی ئاشتیدا لەگەڵ ئەنقەرە، داوایشی لێکرد کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری ئەو حیزبە، ئازاد بکات.
ئامەد مەلازغرت، ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی “فرانس پرێس” لە چیای قەندیل لە کوردستان رایگەیاند، “هەموو ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلانەوە دەستیپێکرا، جێبەجێمان کرد، لە دوای ئەم هەنگاوانەشەوە، هیچ هەنگاوێکی دیکە لە ئارادا نابێت.”
وتیشی، حیزبەکە چاوەڕێی دەوڵەتی تورکیایە کە دەبێت ئەو هەنگاوەکان بنێت.
هەروەها بیری هێنایەوە کە “دوو داواکاریی سەرەکیی پارتی کرێکارانی کوردستان بریتین لە: ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، کە لە ساڵی 1999ەوە لە دوورگەی ئیمرالی زیندانی کراوە، و دانپێدانانی دەستووری و فەرمی بە گەلی کورد لە تورکیا.”
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، شاندێکی لیژنەی پەرلەمانیی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بۆ یەکەمجار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان کرد.
لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەماندا ڕوون کراوەتەوە، کە شاندەکە لە میانی دیداریان لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی کە بەسەر ئیستانبوڵدا دەڕوانێت، پرسیاریان لە ئۆجەلان کردووە سەبارەت بە چارەسەرکردنی پەکەکە، هەڵوەشاندنەوەی چەکەکانی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئازار لە سووریا لەگەڵ حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
جێگەی ئاماژەیە، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ڕێگەی حزبی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (HEDEP) لە تشرینی یەکەمی 2024، پەکەکە لە مانگی ئایاردا هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، بە دەنگدانەوەی داواکاریی دامەزرێنەرەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دوای زیاتر لە چوار دەیە لە شەڕکردن دژی هێزەکانی تورکیا، کە نزیکەی 50 هەزار کوژراوی لێ کەوتەوە.
لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا (2025)، چەکدارانی پەکەکە مەراسیمی فڕێدانی چەکەکانیان لە شاری سلێمانی لە ئەنجامدا، کە تێیدا 30 چەکدار، لەنێویاندا چوار سەرکردە، چەکەکانیان سووتاند. ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، ئەوکات ئەمەی بە “هەنگاوێکی گرنگ بەرەو تورکیایەکی بەدەر لە تیرۆر” وەسف کرد.
هەر لە ناوچەی قەندیل لە باکووری عێراقەوە، پەکەکە لە 26ی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا کشانەوەی هەموو هێزەکانی لە تورکیا بۆ باکووری عێراق ڕاگەیاند، داوای لە ئەنقەرە کرد کە بەردەوام بێت لە ڕێوشوێنە یاساییە پێویستەکان بۆ پاراستنی پرۆسەی ئاشتی.
لەلایەکی دیکەوە، تورکیا لە مانگی ئابی ڕابردوودا لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهێنا بۆ کارکردن لەسەر دانانی بنەما سەرەکییەکانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە، کە بریتییە لە ئامادەکردنی چوارچێوەی یاسایی بۆ گواستنەوەی حیزبەکە و چەکدارەکانی بۆ کاری سیاسی.
