شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلی دابارین هاتۆتە ناو ئاسمانی هەرێمی كوردستان و لە نیوە شەوەوە باران بارین دەستپێدەكات و لە ناوچە شاخاوییەكانیش بەفر دەبارێت و پلەكانی گەرماش كەمێك بەرزدەبنەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئێستادا شەپۆلی دابارین داخڵ بەناوچە جیاوازەکانی سنوری بادینان و تەلەعفەر و شنگال و موسڵ بووە و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا و بەتێپەڕِبوونی کات فراوان دەبێت تاوەکو کاتەکانی نیوەشەو زۆرێک ناوچە دەگرێتەوە و درەنگانی شەو و بەرەبەیانی سبەی زۆرترین کاریگەری شەپۆلەکە دەبێت ئەگەر هەیە تاسەروی %95 ناوچەکان بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەزۆری ڕێژەی بارانەکە کەمە، بەڵام ئەگەر هەیە لەبەشێک شوێن بارانەکە لە پێشبینی زیاتر بێت ئەگەری هەورە بروسکە هەیه لەناوچەی جیا جیا لەگەڵ بارینی بەفر لەبەشێکی ناوچە شاخاوییە سنورییەکان.
وتیشی، “ئەمرۆ و سبەی لەچاو ڕۆژانی پێشتر پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە بەرزدەبنەوە و خێرایی با لەماوەی ئەو شەپۆلەدا بەزۆری لەسەرخۆ ئاساییە”.
بەپێی پێشبینی ئەو شارەزا كەشناسییە، “سیستەمە تەڕ و تووش و باراناویە زۆرەکەی کۆتایی ئەو هەفتە بۆ ناو هەفتەی داهاتوو بەتایبەتی جێگیرە و هەندێ گۆڕانکاری تێدا ماوە لەبڕِ و هێزەکەیدا چەند ڕۆژی داهاتوو زانیاری لەسەر بڵاو دەکەینەوە “.
