ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست بە هەمان میكانیزمی فەرمانبەرانی هەمیشەیی.
بەپێی نووسراوێکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، کە رۆژی 26/11/2025 دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی کراوە، ئاماژە بەوە دراوە، “ڕەزامەندی دراوە لە سەر تەرخان کردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەرانی گرێبەست لە دام و دەزگا فەرمیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان”.
بەپێی نووسراوەكە، پێدانی پارچە زەوییەكە “ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی ماوەی خزمەتی کردەییان لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت” دەگرێتەوە.
لە ساڵی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری پێدانی زەوی 200 مەتری بۆ فەرمانبەران و خانەنشینان و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان دا بەجۆرێك، كە خزمەتی كردەییان لە 8 ساڵ كەمتر نەبێت.
دوابەدوای پڕكردنەوەی فۆڕم لەلایەن فەرمانگە و وەزارەتەكان، ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی كرا و دوای وردبینی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری بۆ پێدانی زەوی دەركرد و ڕەوانەی وەزارەتەكان كرایەوە و لەدوای تیروپشك لە شارەوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان تا ئێستا چەند لیستێك ناو زەوییان پێ دراوە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری فەرمانبەران ماون زەوی وەربگرن.
