spot_imgspot_img

دۆخی كارەبای هەرێم ئاسایی بووەوە

بەپرسانی وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنن، كە دۆخی كارەبا ئاسایی بۆتەوە و ئەو گەڕەك و شوێنانەی كەوتوونەتە ناو پڕۆژەی ڕووناكییەوە كارەبای 24 كاتژمێرییان بۆ گەڕاوەتەوە.

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەخۆشحاڵییەوە کارەبای نیشتمانی گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی و کارەبای 24 کاتژمێری لە پڕۆژەی رووناکی ئاسایی بووەتەوە.

کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “تاوەکو ئێوارە دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و ئێستا لە رێگەی تانکەرەوە گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دەگوازنەوە.

لای خۆشیەوە، ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی کارەبا وتی، “گاز گەیشتووەتە وێستگەکانی کارەبا و ئێستا 3100 مێگاوات کارەبا لەبەردەستە، تاوەکو درەنگانی شەو رێژەکە بەرز دەبێتەوە بۆ 4200 مێگاوات، بەمەش تەواوی دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی دەبێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو گەڕەکانەی ئێستا لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لەنێو پڕۆژەی رووناکیدان، کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ گەڕاوەتەوە”.

شەوی چوار شەممە 26ـی مانگی 11، نزیک کاتژمێر 11:30، هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، بەهۆیەوە کارەبای نیشتمانی 80% کەمیکردووە.

هاوكات، ئەندازیار ‌‌ئەنوەر حمە سعید، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی، ئاسایی بوونەوەی کارەبای 24 کاتژمێری ڕاگەیاند و وتی، “ماوەی سێ‌ ڕۆژە بەهۆی ئەو كردەوە تیرۆرستییەی لەلایەن ئەو كەسانەی چاویان بە پێشكەوتنەكانی كوردستان هەڵنایەت كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، كارەبای هەرێمی كوردستان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەم بووەوە”.

وتیشی، “شەوی ڕابردوو كێڵگەی كۆرمۆر دەستی كردەوە بە هەناردەكردنەوەی گاز بۆ كێڵگەكانی كارەبا، ئەمڕۆ خۆشبەختانە دۆخی كارەبا ئاسایی كراوەتەوە و سەرجەم وێستگە و فیدەرەكان كارەبایان ئاسایی بۆتەوە”.

لەبەرامبەردا، عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی جەختی کردەوە، تا ئاسایبوونەوەی دۆخی كارەبا بەمشێوەیەی ئێستا كار بەمۆلیدەكان دەكەین.

بەپێی بڕیارەکە، لەکاتژمێر ٤ ی ئێوارە بۆ ١٢ شەو مۆلیدە ئەهلییەکان کارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن هاوشێوەی رابردوو دەبێت هاووڵاتیان خۆیان پارەکەی بدەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە